پۆلیسی هه‌ولێر ئاماره‌كانی رۆژانی جه‌ژنی بڵاوکردەوە

- 8/14/2019 8:45:00 PM 3545 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان - شه‌وكه‌ت قادر 

وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت پلانی جه‌ژن به‌ سه‌ركه‌وتویی جێبه‌جێكراوه‌، دەشڵێت "کەسێک له‌ شوقه‌كه‌ی خۆی به‌ مردویی دۆزراوه‌ته‌وه‌" .

هۆگر عه‌زیز وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاماره‌كانی رۆژانی جه‌ژنی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند،  به‌ هه‌ماهه‌نگی سه‌رجه‌م هێزه‌ ئه‌منیه‌كان توانرا پلانی جه‌ژن به‌سه‌ركه‌وتویی جێبه‌جێبكرێت "به‌ جۆرێك له‌ ئاست متمانه‌ی خه‌ڵكدابین سوپاسی هاوڵاتیانیش ده‌كه‌ین كه‌ هاوكارمان بون له‌ جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه‌" .

وتیشی، "له‌ رۆژی یه‌كه‌می جه‌ژن هیچ روداوێكی نه‌خوازراو روینه‌داوه‌، له‌ رۆژی دوه‌میش له‌ چێشتخانه‌یه‌ك ته‌قه‌ كراوه‌ و په‌ڕاوی لێكۆلینه‌وه‌ بۆ روداوه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌، فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیش بۆ ته‌په‌كه‌ره‌كان ده‌رچوه" . 

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، له‌ سێیه‌م رۆژی جه‌ژن كاتژمێر هه‌شتی ئێواره‌ پۆلیسی عه‌نكاوه‌ ئاگادار كرانه‌وه‌ له‌ بونی بۆنێكی ناخۆش له‌یه‌كێك له‌ شوقه‌كانی لوبنان سیتی، دوای گه‌یشتنی پۆلیس و ده‌ركه‌وت كه‌ كه‌سێك به‌ناو یدكتۆر هه‌ڵۆ له‌ شوقه‌كه‌ی گیانی له‌ده‌ستداوه‌، دوای ئه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی ره‌وانه‌ی پزیشكی داده‌وه‌ری كرا ده‌ركه‌وت كه‌ مردنی ئاسایی مردوه‌ و هیچ ئاسه‌واری لێدان و برینداربون له‌سه‌ر جه‌سته‌ی نه‌بوه‌ .

وتیشی، "په‌ڕاوی لێكۆلینه‌وه‌ بۆ ئه‌و روداوه‌ كراوه‌ته‌وه‌ و سه‌یری گرته‌ڤیدیۆیه‌كانی كامێراكانی چاودێری كراوه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ كه‌سه‌كه‌ له‌ 6ی مانگ گه‌ڕأوه‌ته‌وه‌ شوقه‌كه‌ی و تا 13ی مانگ كه‌ ته‌رمه‌كه‌ی دۆزرایه‌وه‌ نه‌هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌" .

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، له‌ چواره‌م رۆژی جه‌ژن هیچ روداوێكی نه‌خوازراو روینه‌داوه‌، له‌ ماوه‌ی چوار رۆژی جه‌ژنیش 111876 گه‌شتیار له‌ رێگه‌ی فرۆكه‌خانه‌ و بازگه‌كان رویان له‌ پارێزگای هه‌ولێر كردوه‌ و به‌ سه‌لامه‌تی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ .



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP