راگەیەنراوێک: ئەو وێنانەی تونێلی دەربەندیخان، کە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکراونەتەوە کۆنن

- 8/14/2019 6:09:00 PM 5704 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پاش نیوەڕۆى ئەمڕۆ بەڕێوبەرایەتى هاتوچۆى دەربەندیخان راگەیەندراوێکى دەربارەى نۆژەن کردنەوەى تونێلى دەربەندیخان بڵاو کردەوە.

لە راگەیەندراوەکەیدا کە دەست خەندان کەوتوە، بەڕێوبەرایەتى هاتوچۆى دەربەندیخان ئاماژە بەوە دەکات ئەو وێنانەى تونێلى دەربەندیخان کە لەم چەند ڕۆژەدا لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو بونەتەوە، نوێ نین و مێژوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ زستانى ئەمساڵ.

دەربارەى تونێلەکە بەڕێوبەرایەتى هاتوچۆى دەربەندیخان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەزانن رێگاکە گرفتى هاتوچۆى هەیەو بەرگەى ئەو قورساییە زۆرە ناگرێت کە لە سەریەتى و پێویستى بە نۆژەن کردنەوەیە.

لە درێژەى ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێن، چارەسەرەکانی ڕابردو تەنها "علاجێکی کاتی" و بۆچەند مانگێک بوە،  دەربارەى چارەسەر کردنى گرفتەکانى تونێلەکە،راگەیەندراوەکە دەڵێت "ناڕەحەتیەکان لەوەدەرچوە بەکاری موزایەدە و هاشوهوش چارەسەربکرێن جا ئەگەر لەلان حکومەت و لایەنە پەیوەندی دارەکانەوەبێت یاخود هەر کەس و لایەنێکی دیکە ".

دەقی رونكردنەوەكەی هاتوچۆی دەربەندیخان

پەیامێک بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان
بۆ هاوڵاتیان و شۆفێرنی خۆشەویست
ماوەی چەند ڕۆژێکە لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وێنەیەکی تونێلی دەربەندیخان بڵاوکراوەتەوە کە تونێلەکە هەڵتەکێنراوەو شێوەی کانیەک لەوێنەکاندا پیشان دەدرێت، بەمەش شۆفێران ترسێکی وایان لێ نیشتوە کە ڕێگاکە هاتوچۆی لێوەناکرێت و خەڵکی پەنا بۆ ڕێگای سەرشاخ و جێگاکانی تر دەبات.

ئەوەی ڕاستی بێت ئەو وێنانە وەرزی زستانی ئەم ساڵە لەپرۆژەیەکی خێرای سەرۆکایەتی شارەوانی دەربەندیخان بو، کە ئەوجێگایەی هەڵکەندراوە بەهۆی گۆڕانکاری کەشوهەواو ڕێژەیەکی زۆری باران بارین و تەقینی ئاوێکی زۆر لەناوچەکەو بەتایبەت تونێلی دەربەندیخان، شارەوانی لەپرۆژەیەکی خێرادا کۆمەڵێک لەو چاڵ و چۆڵی و گرفتانەیان کۆنکرێت کرد کەڕۆژانە گرفت بۆشۆفێران دروست دەبو، بۆیە دەبینین لەئێستادا ئەو وێنانە پیشان دەدرێتەوە کە گوایە ئەمە ناوتونێلی دەربەندیخانە و ڕێگای هاتوچۆی تێداناکرێت.

گومانی تێدانیە لەئێستاشدا ئەوشوێنە گرفتی هاتوچۆی تێدایە بەهۆی ئەوەی ئەوکارەی لەڕابردودا کراوە کارێکی سەرەتای بوەو تەحەمولی ئەولود و قورسایە ناکات.

لەهەوڵەبەردەوامەکانمان شان بەشانی سەرۆکایەتی شارەوانی دەربەندیخان و قائم قامیەتی قەزای دەربەندیخان بۆچارەسەرکردنی هەمیشەی گرفتەکان چەند لیژنەیەکی تابەتمەند لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕێگاوبان و پارێزگاری سلێمانی تەواوی ئەوگرفتانە پیشانی لیژنەکان دراون و بە ڤیدۆو دیكیۆمێنت ڕوداو گرفتەکان خراونەتە بەرچاوی لیژنەکان.

دواجار و بەسەرپەرشتی لیژنەیەکی ئەندازیاری تایبەتمەند کارلەسەر چارەسەرکردنی گرفتەکان کراوە و دەرخستەیەک بەبڕی (97) ملێون دینار ئامادەکراوە بۆ چارەسەرکردنی ئەوگرفتانەی کەڕۆژانە بەرۆکی شۆفێران دەگرێت.

کەس نەزانێت ئێمە دەزانین چارەسەرەکانی ڕابردو تەنها علاجێکی کاتی و بۆچەند مانگێک بوە. بۆیە لەئێستادا و بەهەوڵی بەردەواممان سەرەڕای کاری خۆمان هەستاوین بەجوڵاندنی ئەوپرۆژە لە ناوپارێزگای سلێمانی ژور بەژور پرۆژەکەمان جوڵاندوە بۆئەوەی بەزوترین کات بکەوێتە بواری جێ بەجێکردنەوە.

سوپاسی قائم قام و شارەوانیش دەکەین هاوکارو خەمخۆربون و هەوڵی بەردەوامیان هەبوە، خەڵکانی خۆبەخش و تیمەکانی هاتوچۆو شارەوانی لەڕابردودا هەوڵدراوە ئەوگرفتانە چارەسەربکرێت وەکو ئەوەی کەلەئێستادا دەیبینن و بەبەرچاوەوەیە بەڵام، ئەمە کافی نیەو لەهەمان کاتدا بەپێویستی دەزانین پرۆژەی پێویست و گونجاو بەزوترین کات جێبەجێ بکرێت و چیتر ئەم گرفتانە بەپرۆژەی بچوک و پڕکردنەوە بەکۆنکرێت و قیرکردنی یەک دوچاڵ و داپۆشینی ڕەگلەو مەترسی یەکانی ڕێگاکان لەسنورەکە چارەسەری پێویست نین.

ئەم کارانەش بەخەڵکانی خۆبەخش یاخود ئەملایەن و ئەولایەن ناکرێت، بەڵکو پێویست دەکات بودجەی پێویستی بۆتەرخان بکرێت و چارەسەرکردنی هەمیشەی بەئەنجام بگەیەنرێت.

بۆیە نامانەوێت وەک ڕابردو بەداخستنی تونێلی دەربەندیخان بۆچەندین ڕۆژ کارکردن دواجار کارێکی بچوک و كاتی بێت، داخستنی تونێلی دەربندیخان بەتایبەت لەم وەرزی گەرمایەدا لەگەڵ ئەوەی ڕێگا بەدیلەکان سەخت و دژوارە ، لەهەمان کات ئاسان نیە بۆماوەیەک تونێل دابخرێت و خەڵکی بخرێنە مەینەتیەوەو دواجاریش چارەسەرەکان درێژخایەن نەبێت و پاش ماوەیەک گرفتەکان سەرهەڵ بداتەوە.

لەگەڵ هەمو گرفت و لەمپەڕێکدا ئێمەی ئەفسەرو کارمەندانی هاتوچۆ زیاد لەهاوڵاتیان و شۆفێران دەکەوینە ناڕەحەتی و دژواری یەوە ئەگەر تۆی شۆفێر کاتژمێرێک بەهۆی ڕێگاداخستن یان ڕوداوێکەو ناڕەحەت بوبێتی ئەوا ئێمەی پیاوانی هاتوچۆ تاقەت پڕوکێن بوین بۆئەوەی تۆی بەڕێز زیاتر ماندو نەبیت بەڵكو زۆرترین ماندوبون ڕوبەڕوی خۆمان دەکەینەوە.

هەرلەبەر ئەوەشە زۆرترین بەدواداچون و هەوڵمان کردوە بۆئەوەی پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی تونێل پرۆژەیەکی هەمیشەی بێت و جێگای ڕەزامەندی هەمومان بێت.
ڕایدەگەیەنین ناڕەحەتیەکان لەوەدەرچوە بەکاری موزایەدەو هاشوهوش چارەسەربکرێن جا ئەگەر لەلان حکومەت و لایەنە پەیوەندی دارەکانەوەبێت یاخود هەر کەس و لایەنێکی تر، بۆئەومەبەستە وەک ئەوەی بەتەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانیشمان ڕاگەیاندوە دەمانەوێت ئەمجارە پرۆژە پێشنیار کراوەکان وەک خۆی جێ بەجێ بکرێن بۆئەوەی شۆفێران لەمەزیاتر توشی گرفت و لەمپەرنەبن و ئێمەش چیتر ڕوداوەکان لەتۆماری ئامارەکاندا نەنوسینەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP