تورکیا: هەنگاوەکانی پێکهێنانی ناوچەی ئارام لەسوریا بەهاوکاری ئەمریکا دەستیپێکردوە

- 8/13/2019 8:15:00 PM 4493 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
وەزارەتی بەرگری تورکیا لەبارەی پرسی دروستکردنی ناوچەی ئارام لە باکوری سوریا، کارەکانی پێکھێنانی ناوەندی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لەگەڵ شاندێکی شەش کەسی ئەمریکا دەستیپێکردوە. 
کارەکانی پێکھێنانی ژێرخانی ناوەندی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامە

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی، ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، کارەکانی پێکھێنانی ژێرخانی ناوەندی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش بەمەبەستی دروستکردنی ناوچەی ئارام لە باکوری سوریا بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامە. 

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە بەھاتنی شاندێکی شەش کەسی ئەمریکی بۆ شاری ئورفا، کارەکانی ژێرخانی پێکھێنانی ناوەندی جموجۆڵی ھاوبەش دەستیپێکردوە.

هەفتەی رابردو هەریەک لەحکومەتی ئەمریکا و تورکیا رێکەوتنێکیان لەبارەی دروستکردنی ناوچەی ئارام لەسوریا راگەیاندو بەپێی رێکەوتنەکە ناوچەیەکی ئارام لەباکوری سوریا دروستدەکرێت و لەژێر کۆنترۆڵی هاوبەشی حکومەتی تورکیا و ئەمریکادا دەبێت.

راستەوخۆی پاش بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە، حکومەتی سوریا پێکهێنانی ناوچەی ئارامی بەپێشێلکردنی سەروەری خاکی وڵاتەکەی و بنەما نێودەوڵەتییەکان لەقەڵەمداو و ئەو ناوچەیەی وڵاتەکەی بەداگرکردن وێناکرد، داواشی لەنەتەوە یەکگرتوەکان کرد دژی ئەو هەنگاوەی ئەمریکا و تورکیا راوەستێت.

نیشانەکردن :

#تورکیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP