بریتانیا یەکەم کەشتی جەنگی خۆی لەچوار چێوەی پلانەکەی ئەمریکا لەکەنداو خستەکار

- 8/13/2019 4:37:00 PM 2634 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
بریتانیا یەکەم کەشتی جەنگی خۆی بۆ چاودێریکردنی کەشتییە بازرگانییەکان لەچوارچێوەی پلانەکەی ئەمریکا بۆ کەنداو خستەکار.

بەپێی هەواڵێکی ئەلعەرەبییە، ئەمڕۆ سێشەممە بریتانیا یەکەم کەشتی جەنگی خۆی بەناوی ( کەنت) بۆ چاودێریکردنی کەشتییە بازرگانییەکان لەچوارچێوەی پلانەکەی ئەمریکا بۆ کەنداو خستەکار.

پێشتر بریتانیا بڕیاریدابو بەشداری پلانە سەربازییەکەی ئەمریکا بکات بۆ پاراستنی ئاسایشی کەنداو، ئەوەش پاش دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگری بریتانی لەلایەن ئێران و ئاڵۆزبونی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و رۆژئاوا. 
وەک بەشێک لەپلانی هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە لەکەنداودا دەمێنینەوە

لەوبارەیەوە، ئاندی براون ئەفسەری فەرماندەیی کەشتییە جەنگییەکە رایگەیاند وەک بەشێک لەپلانی هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە لەکەنداودا دەمێنینەوە.
پابەند دەبن بەپاراستنی ئازادی جموجوڵی کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لەکەنداو

بەپێچەوانی خواستی ئێرانییەکان، ئەو ئەفسەرە بریتانییە ئاشکراشیکرد وەک بەشێکی دیکەی ئەرکەکانیان پابەند دەبن بەپاراستنی ئازادی جموجوڵی کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لەکەنداو.

مانگی رابردو بریتانیا بڕیاری ناردنی هێزێکی دەریایی بۆ کەنداو دەرکرد و بەگوتەی بەرپرسانی باڵای سەربازی ئەو وڵاتەش ناردنی کەشتی (کەنت) لەچوارچێوەی ئەو پلانەدایە.

ئەمە لەکاتێکدایە بەردەوام بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە ناردنی هێزی بیانی بۆ ناوچەکە ئاڵۆزی زیاتر دروستدەکات و ئەوان خۆیان ئاسایشی ئەو ناوچەیە دەپارێزن.

نیشانەکردن :

#به‌ریتانیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP