گەورە راوێژكارێكی پێشوی كۆشكی سپی: تەنها میشێل ئۆباما دەتوانێت ترەمپ ببەزێنێت

- 8/12/2019 1:14:00 PM 5382 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

گەورە راوێژكارێكی پێشوی كۆشكی سپی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، تەنها هاوژینی سەرۆكی پێشوی ویلایەتە یەگرتوەكان توانای ئەوەی هەیە سەرۆكی ئێستای ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە هەڵبژاردنەكانی داهاتودا ببەزێنێت.

پێشنیاریكرد میشێل بەرامبەر ترەمپ خۆی كاندید بكات

ستیڤ باننەن، گەورە راوێژكاری پێشوی كۆشكی سپی بۆ كاروباری ستراتیجی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا پێشنیاریكرد، میشێل ئۆباما، هاوژینی باراك ئۆباما-ی سەرۆكی پێشوی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی سەرۆكایەتی ئەمریكا بەرامبەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئێستای ویلایەتە یەكگرتوەكان خۆی كاندید بكات".

تا ئێستا كەسم نەبینیوە توانای روبەڕوبونەوەی ترەمپی هەبێت

باننەن لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی فۆكس نیوز-ی ئەمریكی ئاماژەی بەوەشكردوە "تا ئێستا هیچ كەسێكی نەبینیوە لە مەیدانەكەدا كە توانای روبەڕوبونەوە و كێبركێی هەبێت لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ".

بەپێی وتەكانی ئەو راوێژكارەی پێشوی كشۆشكی سپی، پێویستە دیموكراتەكان لە هیلاری كلینتن و مایكڵ بلومبێرگ و میشێل ئۆباما بڕوانن بۆ روبەڕوبونەوەی ترەمپ، بە تایبەت لە ئێستادا ژمارەیەك بەربژێری دیموكراتەكان هەیە كە پێدەچێت بچنە كێبڕكێكەوە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتوەكان".

لە لایەكی دیكەوە ئاژانسی هەواڵی بڵومبیرگ دوێنی یەكشەممە رایگەیاند "دیموكراتەكانی ئەمریكا هەوڵدەدەن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوی سەرۆكایەتی ئەمریكادا كە بڕیارە ساڵی داهاتو ئەنجامبدرێت، شكست بە دۆناڵد ترەمپ بهێنن و هیوایان بەوەیە لە كۆتا ساتدا میشێل ئۆباما بۆ ئەو پۆستە خۆی كاندید بكات".


نیشانەکردن :

#ئۆباما #ئەمریکا #ترەمپ

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP