داعش هەڕەشە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزە كوردیەكانی رۆژئاڤا دەكات

- 8/12/2019 12:07:00 PM 8677 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رێكخراوی چەكداری داعش لە نوێترین ڤیدیۆدا پەیماندەدات هێرشەكانی بۆ سەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزە كوردیەكانی رۆژئاڤا چڕتربكاتەوە.

پەیمانیداوە هێرشەكانی بۆسەر هاوپەیمانان و هێزە كوردیەكان چڕتربكاتەوە

لە نوێترین گرتە ڤیدیۆدا، كە دەكاتە دوەم ڤیدۆیۆی رێكخراوی چەكداری داعش پاش شكستهێنانیان لە ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی فورات و كۆتا مۆڵگەیان لە باغۆز، رێكخراوەكە هەڕەشە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتوەكان و هێزە كوردیەكانی رۆژئاڤا دەكات و پەیمانیداوە هێرشەكانی چڕتربكاتەوە بۆ سەر هێزەكانیان.

ئاگرەكە كراوەتەوە و بە گوڕتردەبێت

گرتە ڤیدیۆییەكە پەیامی بۆ ئەندامان و لایەنگرانی رێكخراوەكە لە ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا ناردوە و ئاماژە بەوەدەكات "جەنگەكە لەنێوان داعش و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزە كوردیەكانی ئەو ناوچەیەدایە و ئاگرەكە كراوەتەوە و بەگوڕتردەبێت".

داعش كۆتایی نەهاتوە

ماوەی ڤیدیۆكە 10 خولەكە و تێیدا ئەو كەسانەی دەركەوتون باس لەوەدەكەن "رێكخراوی چەكداری داعش هێشتا كۆتاییی پێنەهاتوە و تا ئێستاش لە سوریا ماوە، كە چالاكی جۆراوجۆر ئەنجامدەدەن".

پاش شكستهێنانی داعش لە سوریا، بۆ یەكەمینجار لەماوەی پێنج ساڵی رابردودا ئەبوبەكر بەغدادی، سەرۆكی رێكخراوی چەكداری داعش لە گرتە ڤیدیۆییەكدا دەركەوت و تیایدا ئاماژەی بە كۆتاییهاتنی جەنگی باغۆز كرد و وتی "رێكخراوەكە لە ناوچەی باغۆز-ی سەر بە دێرەزور شكستهێناوە".

دوای ئەوەی بۆ ماوەی سێ ساڵ جەنگی خوێناوی لە نێوان داعش و هێزە چەكدارەكانی عێراق بەردەوامبو، حكومەتی عێراق لە مانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2017 شكستی تەواوی رێكخراوی داعش-ی لە وڵاتەكە راگەیاند، دواتریش لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا، شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) توانیان كۆنتڕۆڵی ناوچەی باغۆز لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا بكەن و تێكشكاندنی رێكخراوی چەكداری داعش لەو وڵاتە رابگەیەنن.

لە ئێستاشدا ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوەكە لەسەرەوەی لیستی داواکراوانی جیهاندایە و ئەمریکا بڕی 25 ملیۆن دۆلاری وەک دیاری بۆ هەر کەسێک داناوە کە زانیاری لەبارەی شوێن و پێگەی ناوبراو بگەیەنێت بە وڵاتەكەی.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP