دەریای مردو نزمترین ئاست لە مێژوی خۆیدا تۆماردەكات

- 8/12/2019 11:38:00 AM 5965 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

شارەزایانی كەشوهەوا سەبارەت بە كەمبونەوەی ئاستی دەریای مردو هۆشداریاندا و رایانگەیاند، ئاستی ئاوەكە 34 مەتری دیكە لە خوار ئاستی روی دەریاوە دابەزیوە.

نزمترین رێژەی دابەزینی ئاستی ئاوە كە لە مێژوی دەریاكەدا تۆماركرابێت

بەپێی وتەی ئەو شارەزایانە، دابەزینی ئاستی دەریای مردو بۆ 34 مەتری دیكە لە ئاستی روی دەریاوە، نزمترین رێژەی دابەزینی ئاستی ئاوە كە لە مێژوی دەریاكەدا تۆماركرابێت و ئەوەش مەترسی بۆسەر مانەوەی دەریاكە و كەناراوەكانی دروستدەكات.

چێشتخانەكان لە كەناردەریاكەوە دوركەوتونەتەوە

بەپێی ئەو وێنە نوێیانەی بڵاوكراونەتەوە، زەویەكانی كەناردەریاكە كە لە ئێستادا وشكن، لە ماوەی رابردودا ژێرئاوكەوتبون و پانتایی ئاوەكە زۆر زیاتربوە، بەڵام بەهۆی وشكبونەوەی بەشێكی زۆر لە رۆخی دەریاكە، ئەو چیشتخانانەی لە كەناراوەكانی دەریای مردو بون ئێستا زۆر دوركەوتونەتەوە و گەشتیاران رویان تێناكەن.

لەم چەند ساڵی رابردوشدا، ژمارەیەك كونی گەورە لە دەریای مردو دەركەوتن كە بونە هۆی گلدانەوە و راكێشانی ئاوی دەریاكە، شارەزایانیش بونی ئەو كونە گەورانەیان بۆ لاوازی خاكی دەریاكە گەڕاندەوە. 

 

دەریای مردو، خاوەنی نزمترین و قولترین خاڵە لەسەر ئاستی زەوی، كە لە ساڵی 1980 كەمبونەوەی ئاستی ئاوی بەخۆوە بینی و ئەمرۆش بە رێژەی 30 مەتر زیاتر نزمبونەوەی لە ئاستی ئاوەكەیدا تۆماركردوە.

مەترسی وشكبونەوە لەسەر دەریای مردو هەیە

لە ئێستادا ئەو دەریایە مەترسی وشكبونەوە و نەمانی لەسەرە، بەپێی توێژینەوەكانیش هۆكاری كەمبونەوەی ئاستی ئاوەكە دەگەڕێتەوە بۆ مرۆڤ و كاریگەریەكانی لەسەر سروشت، لەوانە گۆڕینی ئاوەكانی ئوردن بۆ بیابان لەلایەن ئیسرائیلەوە، لەكاتێكدا تەواوی سەرچاوە ئاویەكانی داخست.

هاوكات زۆربونی كارگە پیشەسازیەكان و كارگەكانی دەرهێنانی خوێ و ماددەكانی دیكە لەناو دەریاكان، بە تایبەتی لە لایەن ولاتی ئیسرائیلەوە بوەتە هۆی دابەزینێكی بەرچاوی ئاوی دەریای مردو.

دەریای مردو دەكەوێتە سەر وڵاتی ئوردون و نزیك ئیسرائیل كە روبەرەكەی دەگاتە نزیكەی 605 كیلۆمەتر دوجا و درێژیەكەی 70 كیلۆمەترە كە 430 مەتر لە ئاستی روی دەریا نزمترە.


نیشانەکردن :

#ژینگەدۆستیی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP