بەپەلە

چاوشئۆغڵو: رۆژهەڵاتی فورات پاكدەكەینەوە و رێگەنادەین ئەمریكا سەرقاڵمان بكات

- 8/11/2019 9:52:00 PM 5734 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، وڵاتەكەی باكور و رۆژهەلاتی فورات پاكدەكاتەوە و رێگەنادات هاوشێوەی رێككەوتنی مەنبەج ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سەرقاڵمان بكات و رێككەوتنەكە بە ئەنجامنەگەیەنێت.

 ئەنقەرە سورە لەسەر پاككردنەوەی رۆژهەڵاتی فورات

مەولود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی توركیا لەمیانی لێدوانێكیدا ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند، "هەرچەندی بوێت و چۆن پێویستبكات، ئەنقەرە سورە لەسەر پاككردنەوەی رۆژهەڵاتی فورات لە چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)".

ئاماژەی بەوەشكرد "بەرامبەر هەڕەشەكانی دەرەوە، سەجەم ئەگەرەكانمان لێكداوەتەوە و خۆمان ئامادەكردوە"، وتیشی "توركیا لە چالاكیەكانی بۆ رۆژهەلاتی فورات هەنگاوی گرنگی ناوە، لەكاتێكدا ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا تا ئێستا پەیمانەكەی سەبارەت بە مەنبەج نەهێناوەتەجێ".

یان بە هاوبەشی یاخود بە تەنها دەچینە رۆژهەڵاتی فورات

لە پەیامێكیدا بۆ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا وەزیری دەرەوەی توركیا وتی "یان پێكەوە بە هاوبەشی ناوچەی رۆژهەڵاتی فورات لە چەكدارانی دیكە پاكدەكەینەوە، یاخود ئەنقەرە تاكلایەنانە دەچێنە ئەو ناوچەیە و كارەكە جیبەجێدەكات".

ئەو وتانەی چاوشئۆغڵو لەكاتێكدایە، هەفتەی رابردو بەرپرسانی سەربازی هەریەك لە واشنتن و ئەنقەرە لەسەر بنیادنانی ناوچەی ئارام لە باكوری سوریا رێككەوتن و رایانگەیاند "ئەو ناوچەیە دەبێتە دەروازەی ئاشتی بۆ گەڕانەوەی ئاوارە سوریەكان بۆ زێدی خۆیان".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP