هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم لەپەیوەندیدان
بەرپرسانی باڵای هەرێم لەسەر هەواڵێكی خەندان تایبەت بە دوخاوەن ماستەرنامە دێنە سەرخەت

- 8/9/2019 4:47:00 PM 105992 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لەدوای بڵاوبونەوەی هەواڵێك لە دەزگای میدیایی خەندان سەبارەت بەو هاوڵاتیەی رایگەیاندبو لەگەڵ خێزانم بڕیارمانداوە شەوی عەرەفە كۆتایی بەژیانی خۆمان و كوڕەكەمان بهێنین ، بەرپرسانی هەرێمی كوردستان هەر زو هاتنە سەر خەت و لەڕێگەی خەندانەوە توانیان پەیوەندی لەگەڵ ئەو دو هاوڵاتیە ئەنجامبدەن و بەدواداچون لەسەر كێشەكەیان بكەن.

بڕیارمانداوە شەوی جەژن كۆتایی بە ژیانی خۆشمان و منداڵەكەشمان بهێنین

دوای زیاتر لە هەفتەیەك بەدواداچون، ئەمڕۆ خەندان هەواڵێكی بڵاوكردەوە كە تیایدا هاوڵاتیەكی سنوری پارێزگای هەولێر رایگەیاندبو خۆی و هاوسەرەكەی بڕوانامەی ماستەریان هەیە و داوای بەهانەوەچونیان لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كرد، هاوڵاتییەكە كە ناوەكەی لای خەندان پارێزراوە رایگەیاند، كوڕەكەم داوای جلی جەژنی لێكردوم، بەڵام من تەنها چوار هەزار دینارم پێبوە، هێندە بێزارین لەگەڵ خێزانم بڕیارمانداوە شەوی جەژن كۆتایی بە ژیانی خۆشمان و منداڵەكەشمان بهێنین.

پاش چەند خولەكێك وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هاتە سەر خەت

دوای چەند خولەكێك لە بڵاوبونەوەی هەواڵەكە، د.ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هاتە سەر خەت و بە خەندان-ی رایگەیاند، لەچوارچێوەی یاساو رێنماییە کار پێکراوەکاندا ھاوکاری و کارئاسانی بۆ چارەسەرى کیشەکەیان دەکەین".

دواتر پەرلەمانتاری كوردستان دابان محەمەد سەبارەت بەو بابەتە پەپوەندی بە خەندانەوە كرد

دوابەدوای وەزیری خوێندنی باڵا، دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان پەیوەندی بە خەندانەوە كردو رایگەیاند،"هەوڵ دەدەین لەگەڵ بەرپرسان رێگەچارە بۆ كێشەكەیان بدۆزینەوە".

پەیمانگەی تەكنیكی كوردستان ئامادەیی خۆی بۆ دامەزراندنی ئەو هاوڵاتیە و هاوژینەكەی راگەیاند

مامۆستا عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پەیمانگای تەكنیكی كوردستان پەیوەندیكرد بە خەندان و رایگەیاند،"لە هەرشوێنێك لە پەیمانگاكەی ئێمە بڕوانامەكەی خۆی و خێزانی بگونجێت ئامادەین بەشێوەی گرێبەست دایبمەزرێنین".

نوسینگەی مەسرور بارزانی لەرێگەی خەندانەوە ئامادەیی دەربڕی بۆ بەدواداچونی ئەو كێشەیە

هەر ئەمڕۆ، نوسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر هەمان پرس، لەڕێگەی خەندانەوە ئامادەیی خۆیان دەربڕی كە بەدواداچون لەسەر كێشەی ئەو خێزانە بكەن و هەوڵ بدەن رێگە چارەسەرێكی گونجاویان بۆ بدۆزنەوە.

سیروان بابان رایگەیاند ئامادەیە هەولی چارەسەركردنی كێشەكە بدات

 

لەلایەكی دیكەوە، سیروان بابان، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بەخەندان-ی راگەیاند،"ئامادەم هەمو هەوڵێك بدەم بۆ چاسەركردنی كێشەكەیان".

نوسینگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە رێگەی لیژنەی تایبەتەوە چارەسەرێكی گونجاو بۆ كێشەكە دەدۆزێتەوە

هەرچی نوسینگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، پەیوەندیانكرد بە خەندان و رایانگەیاند،"سەرۆكایەتی هەرێم لەڕێگەی لیژنە تایبەت بە بەدواداچونی كێشەی هاوڵاتیان، هەمو هەوڵێكی دەخاتەكار بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ كەیسەكە".

د. رێواس فایەق ئامادەیی خۆی بۆ بەدواداچونی كێشەكە دەربڕی

لای خۆشیەوە د.رێواس فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پەیوەندی لەگەڵ خەندان ئەنجامداو رایگەیاند،"لە سەرۆكایەتی پەرلەمان هەوڵ دەدەین هاوكاریی بكەین لە چارەسەركردنی كێشەكەیدا".

د.هەژار دەرگاكانی زانكۆ و كۆلێژ و پەیمانگاكانی سۆرانی بەڕوی ئەو هاوڵاتیەدا كردەوە

لەلایەكی ترەوە، د.هەژار، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی زانكۆی سۆران، ئامادەیی زانكۆكەی دەربڕیی كە لە هەر كۆلێژو پەیمانگایەكی زانكۆكەی بتوانن سود لە پسپۆڕی ئەو مامۆستایانە وەربگرن، ئامادەن هەوڵی چارەسەری كێشەكەیان بۆ بدەن.

د.كەریم شەریف بانگهێشتی ئەو هاوڵاتیەی كردوە بۆ كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی

هەروەها د.كەریم شەریف قەرەچەتانی، رایگەیاندوە، ئێمە لە كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی زۆر پێویستمان بە پسپۆڕی پەروەردەی تایبەت هەیە و ئەگەر بێتە كۆلێژەكەمان پێشوازی لێدەكەین".

كاوە محەمەد، پشتیوانی خۆی بۆئەو هاوڵاتیە و هاوژینەكەی دەربڕی

لای خۆشیەوە كاوە محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق پەیوەندی كرد بە خەندان و هەمو هاوكاری و پشتیوانییەكی خۆی بۆ ئەو دو خاوەن بڕوانامەی ماستەرە دەربڕی.

دوای بڵاوبونەوەی هەواڵەكە لەپاڵ بەرپرسانی ئەم وڵاتە، چەندین هاوڵاتی خێرخواز، ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ هاوكارییكردنی ئەو دو خاوەن بڕوانامەی ماستەرە.

خەندان وەك ئەركێكی پیشەیی، پەیوەندی راستەوخۆی لەنێوان ئەو هاوڵاتیە و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دروستكرد، لەپێناو دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ كێشەكەیان، لێرەوە بەپێویستی دەزانین سوپاسی هەمو ئەو بەرپرسە باڵایانەی هەرێمی كوردستان و خێرخوازان بكەین كە هاوكاری خۆیان نیشاندا بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو دو هاوڵاتییەی كە ساڵانێكە بڕوانامەی ماستەریان هەیە، بەڵام تا ئێستا لە هیچ زانكۆ و پەیمانگایەكی ئەم وڵاتە نەتوانراوە سود لە پسپۆڕییەكەیان وەربگیرێت و بێكارن.

خەندان وەك پردێكی پەیوەندی، لەچوارچێوەی كاری پیشەیی و بەدواداچونی میدیایی خۆیدا، بەردەوام دەبێت لە گواستنەوەی خەمی هاوڵاتیان و دەبێتە پردێكی پەیوەندی لە هەر كێشە و بابەتێكی رۆژنامەوانیدا، دور لە هەمو وروژاندنێك.


نیشانەکردن :

#هه‌رێمی‌ كوردستان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP