توركیا کوشتنى ئەنجامدەرێکى هێرشەکەى هەولێر رادەگەیەنێت

- 8/9/2019 4:07:00 PM 22097 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئاژانسە هەواڵیەكانی تورکیا لە زارى بەرپرسێکى دەزگای زانیاری (میت)ی تورکیەوە، کوژرانى یەکێک لە ئەنجامدەرانى هێرشەکەى رێستۆرانتى (هۆقەباز) لە هەولێر رادەگەیەنن.

ئەنجامدەری هێرشەكە رۆژی 30ی تەمموز كوژراوە

بەپێى وتەی بەرپرسە سەربازیەكەی توركیا، "رۆژى 30 تەمموز، لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە هێزەکانیان لە عێراق ئەنجامیانداوە، هەستاون بە کوشتنى ئەنجامدەرێکى هێرشەکە".

پەیوەندی بە پەكەكەوە هەبوە

بەپێى ئەو زانیاریانەى کە میدیا تورکیەکان بڵاویانکردوەتەوە، کوژراوەكە  ناوى حاج کورهان-ە كە نازناوی بۆتان-ی هەیە و تەمەنى 43 ساڵ بوە، لە ساڵى 2002 وەوە پەیوەندى کردوە بە پارتى کرێکارانى کوردستان (پەكەكە)ەوە.

 هەر بە گوێرەی زانیاریەكان، ساڵى 2005 کورهان بەرپرسی یەکێک لە کەمپەکانى پەکەکە بوە لە عێراق و مەشقپێکەرى ئەندامە نوێیەکانى پەکەکە بوە، خوشکێکیشى بە هەمان شێوەى کورهان، ئەندامى پەکەکەیە و لە ساڵى 2015 بەشدارى جەنگەكانی حەسەکە و قامیشلۆ-ی لەسوریا کردوە.

ئاژانسە هەواڵیەکانى تورکیا، وێنەیەکى ئەنجامدانى هێرشەکەیان بڵاو کردوەتەوە، لەنێویدا وێنەی کوژراوەکەیان داناوە کە جلوبەرگى یەکینەکانى پاراستنى گەلى رۆژئاواى لەبەردایە.

ئەوە لەكاتێكدایە، تا ئێستا میدیاکانى نزیک لە پەکەکە و میدیا نێودەوڵەتیەكان لەوباریەوە هیچ هەواڵ و زانیاریەكیان بڵاونەكردوەتەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP