بەپەلە

چوار حزبی سیاسی شنگال هاوپەیمانیەكیان راگەیاند

- 8/9/2019 3:52:00 PM 4186 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە شنگال، چوار حزبی سیاسی لە نوسراوێكی هاوبەشدا هاوپه‌یمانیان راگه‌یاند و لە هەوڵی ئەوەدان لە هه‌ڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە یەك لیستی هاوبەش بەشداریبكەن.

لە نوسراوێكی هاوبەشدا، چوار پارتی سیاسی لە شنگال هاوپەیمانیەكی ئێزدیان راگەیاند و تێیدا هاتوە ، "پێكهێنانی هاوپەیمانیەكە لەپێناو بنیادنانی ئیدارەیەكی نوێیە بۆ شنگال و ناحیەی قەحتانیە".

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە "ئامانجمان پێكهێنانی هێزێكی سەربازیە كە رێژەی لەسەدا 50ی هێزەكە لە هێزە چەكدارە ئێزدیەكانی ئێستای ناوچەكە پێكبێت و لەسەدا 50كەی دیكەی هاوڵاتیانی ئێزدی دانیشتوی شنگال بن.

ئەوەش رونكراوەتەوە  "ئەو پارتە سیاسیانە لەسەر بنەمای سێ خاڵ بە شێوەیەكی هاوبەش و لەژێر ناوی (هاوپەیمانی ئێزیدی) بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا دەكەن و لە چوارچێوەی رێككەوتنەكەدا كورسیەكانی كۆتا دەدەنە كەسانی بێلایەن كە لە لایەن هەرچوار حزبەكەوە پەسەندبكرێت".

 لە خاڵێكی دیكەدا هاتوە "لە ئەگەری بردنەوەی حزبێك لەو چوار حزبە لە هەلبژاردنەكاندا، پێویستە پۆست و پێگە حكومیەكانی دیكە بە شێوەیەكی یەكسان بدرێتە ئەو حزبە سیاسیانەی كە سەركەوتو نەبون".

نوسراوە هاوبەشەكەی ئەو هاوپەیمانیە ئێزدیە ناو و واژۆی سەرۆكی هەریەك لە حزبەكانی تێدایە كە پێكهاتون لە " بزوتنەوەی ئێزیدی له‌پێناو چاكسازی و پێشكەوتن بەسەرۆكایەتی حەجی كندور سه‌مۆ، پارتی ئێزیدی دیموكراتی به‌ سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر قاسم شه‌شۆ، پارتی ئازادی و دیموكراتی ئێزیدی بە سەرۆكایەتی عومه‌ر ساڵح ئیبراهیم، پارتی پێشكەوتنی ئێزیدی بەسەرۆكایەتی عومەر كتو دهار.


حه‌یده‌ر شه‌شۆ دەشڵێت "بارودۆخی ئه‌منی ناوچه‌كه‌ زۆر خراپه‌ بۆیە به‌پێویستمان زانی ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ رابگه‌یه‌نین تا ببێته‌ فشارێكی به‌هێز له‌سه‌ر حكومه‌ته‌كانی عێراق و هه‌رێم تا كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن".


نیشانەکردن :

#عێراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP