بە ڤیدیۆ..کەسایەتیەکی دیکەی سلێمانی بڕیاریدا بە جیاکردنەوەی خاشاک لە ماڵ و فەرمانگەکەی

- 8/7/2019 10:58:00 PM 9679 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دیار شێخ غەریب، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی چالنجی جیاکردنەوەی خاشاکی قبوڵکرد و کە لەلایەن گۆران قادرەوە دەستنیشانکرابو، دوای خۆشی عیزەت سابر، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی كوردستانی بۆ ئەو ئەرکە دەستنیشانکرد.

رێکەوتی 10ی مانگی رابردو، گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قەزای مەڵبەندی سلێمانی، لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا چالنجێکی بۆ جیاکردنەوەی خاشاک راگەیاند  و لە ماڵەکەی خۆیەوە دەستپیپێکرد، هاوکات هەریەکە لە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و دیار شێخ غەریب بەڕێوەبەری ژینگەی سلێمانی راسپارد، بۆ ئەوەی ئەو کارە لە ماڵ و فەرمانگەکانی خۆیان ئەنجامبدەن.

بە خۆشحاڵیەوە چاڵنجەكەم وەرگرت


دیار شێخ غەریب، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دەڵێت" بەخۆشحاڵیەوە چاڵنجەکەی کاک گۆرانم وەرگرت، سەبارەت بە جیاکردنەوەی پاشەڕۆی ماڵەکەم بۆ پلاستیک و مادە ئۆرگانیەکان".

هەوڵدەدەین لە فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی پەیڕەوی بكەین

ئاماژە بەوەشدەكات "هەرچەندە وەرگرتنی چالێنجەکە دواكەوت، بەڵام ئێمە هەمیشە كارمان لەسەر ئەو بابەتە كردوە و هەوڵدەدەین لە فەرمانگەی ژینگەی سلێمانیش پەیرەوی ئەو كارە بكەین".

ئەوە لەكاتێكدایە مانگی رابردو، رێكەوتی 10ی تەمموز هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێکی دەنگیدا بۆ خەندان وتی"ئێمە پێشنیازەکەی گۆران قادر قەبوڵ دەکەین، و خۆشمان لەگەڵ کاک ئاوات(قایمقامی ناوەندی پارێزگای سلێمانی) جەختمان لەوە کردوەتەوە و پەسەندمان کردوە و بڕیارمانداوە هەم لە ناو بینای پارێزگای سلێمانی، هەم لە ناو ماڵەکانی خۆماندا ئەو کارە جێبەجێ دەکەین".

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP