پەرلەمانتارێكی عێراق پێشنیاردەكات وێنەی سەدام حسێن لە هۆڵەكانی پەرلەمان و حكومەت دابنرێت

- 8/7/2019 6:48:00 PM 19836 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

یەكێك لە ئەندام پەرلەمانەكانی عێراق پێشنیاردەكات لە هەریەك لە هۆڵەكانی پەرلەمان و حكومەتی عێراق وێنەی سەدام حسێن بە دەستگیركراوی دابنرێت.

كازم ئەلسیادی كە یەكێكە لە ئەندام پەرلەمانەكانی عێراق، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك هاوپێچ لەگەڵ وێنەیەكی سەدام حسێن، سەرۆكی پێشوی عێراق بە دەستگیركراوی، نوسویەتی "پێویستە ئەم وێنەیە بەدیواری هەریەك لە هۆڵەكانی پەرلەمان و حكومەتی عێراق هەڵبواسرێت".

بۆ ئەوەی تێبگەن ستەم و زۆرداری تا كۆتایی بەردەوام نابێت

 

ئەو پەرلەمانتارە عێراقیە ئاماژەی بەوەشكردوە، داواكردن بۆ هەڵواسینی ئەو وێنەیە بۆ ئەو مەبەستەیە كە بەرپرسان تێبگەن دەسەڵات و ستەم و دزیكردن تا كۆتایی بەردەوام نابێت و لە داهاتویەكی نزیكدا دەیەوێت بۆچونی گەلی عێراقی سەبارەت بەو بابەتە وەربگرێت".

سەدام حسێن، لە ساڵی 1979 بۆ 2003 زیاتر لە 20 ساڵ سەرۆك كۆماری عێراق بو، پاش ئەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا هێرشیان كردە سەر عێراق و دەسەڵاتەكەی سەدام-یان شكستپێهێنا، لە كانونی یەكەمی ساڵە 2003دا لە نزیك شاری تكریت دەستگیركرا.

پاش بەڕێوەچونی داداگاییكردنی سەدام حسێن لە ساڵی 2004دا، بە بڕیارێكی دادگا تایبەت بە ئەنجامدانی كۆمەڵكوژیەكەی ناوچەی دوجەیل كە ساڵی 1982 ئەنجامدرا،  سەدام حسێن تۆمەتباركرا و لە 30 كانونی یەكەمی ساڵی 2006 بە بڕیاری دادگای باڵای سەربازی عێراق لەسێدارەدرا.


نیشانەکردن :

#عێراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP