بەپەلە

واشنتن بە فەرمی لە پەیماننامەی ئەتۆمی ئەمریكا-روسیا كشایەوە

- 8/2/2019 3:49:00 PM 4166 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی بە شێوەیەكی فەرمی لە پەیماننامەی چەكی ئەتۆمی نیوان واشنتن-مۆسكۆ دەكشێتەوە.

مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەمیانی لێدوانێكیدا ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند "واشنتن بە شێوەیەكی فەرمی لەو پەیماننامە ئەتۆمیە دەكشێتەوە، كە ساڵی 1987 لەنێوان هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتوەكان و روسیادا واژۆكرا".

روسیا تاكە بەرپرسیارە

ئەو بەرپرسەی ویلایەتە یەكگرتوەكان لەمیانی وتەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد "لەمڕۆ هەینیەوە ویلایەتە یەكگرتوەكان كار بەو پەیماننامە ئەتۆمیەی نێوان واشنتن و مۆسكۆ ناكات و روسیا تاكە بەرپرسیارە لە كۆتاییهاتنی ئەو پەیماننامەیە".

روسیا داوا لە ئەمریكا دەكات بڵاوكردنەوەی موشەكی ناوەندمەودا هەڵپەسێرێت

لە بەرامبەردا سێرگی ریابكۆڤ، وەزیری درەوەی روسیا داوای لە ویلایەتە یەكگرتوەكان و وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) كرد، "بڵاوكردنەوەی موشەكە ناوەندمەوداكان هەڵپەسێرن".

ئاماژەی بەوەشكرد "ئەو هەڵپساردنە هاوشێوەی هەنگاوەكەی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی روسیا دەبێت، كە رایگەیاندوە لە ئەگەری هەڵپەساردنی بڵاوكردنەوەی ئەو چەكانە لە هەندێك ناوچە، روسیاش بە هەمانشێوە ئەو هەنگاوە ئەنجامدەدات".

بەرپرسیاریەتی تەواویان خستە ئەستۆی روسیا

ئەوە لەكاتێكدایە پاش راگەیاندنی كشانەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەو پەیماننامە ئەتۆمیە، وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی بەرپرسیاریەتی تەواویان خستە ئەستۆی روسیا و رایانگەیاند "وەڵامێكی گونجاومان بۆ بەرپرسیاری ئەو هەنگاوە دەبێت".

لە رێكەوتی 2ی شوباتی ئەمساڵەوە واشنتن پابەندبونەكانی بە پەیماننامەی موشەكی ئەمریكا-روسیا هەڵپەسارد كە ساڵی 1987 بە مەبەستی سنورداركردنی پەرەپێدانی موشەكە ئەتۆمیە كورت و ناوەندمەوداكانیان واژۆیانكردبو.

واشنتن راشیگەیاندبو، "لە ئەگەری پابەندنەبون و نەگەڕانەوەی مۆسكۆ بۆ پەیماننامە موشەكیەكە، پاش تێپەڕبونی شەش مانگ بەسەر هەڵپەساردنی پابەندیەكان، واشنتن لەو رێككەوتننامەیە دەكشێتەوە".

لەبەرامبەر راگەیەندراوەكەی ئەمریكادا، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی روسیا لە هەنگاوێكی هاوشێوەدا رێكەوتی 2ی شوباتی ئەمساڵ رایگەیاند، "روسیا پابەندیەكانی بە ریككەوتننامە موشەكیەكە هەڵدەپەسێرێت".


نیشانەکردن :

#ئه‌مریكا #روسیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP