"پەرلەمانی كوردستان ئامادەیە پشتیوانی لە خزمەتكردنی ژینگە بكات"
بۆ یەكەمجار پرۆژە یاسای جێگرەوەی وزە نەوتیەكان دەدرێتە پەرلەمان

- 8/1/2019 8:29:00 PM 3637 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان بە مەبەستی جێگرتنەوەی بەرهەمە نەوتیەكان ئامادەكردنی پرۆژەیاسایەكی سەبارەت بە جێبەجێكردنی وزەی نوێبوەوەكان لە هەرێمی كوردستان راگەیاند.

پرۆژە یاساكە بە مەبەستی بەكارهێنانی وزەی نوێبوەوە-یە لەبری نەوت 

كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی لەمیانی لێدوانێكیدا بۆ خەندان رایگەیاند "لەگەڵ شنۆ ئەشقی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ماوەیەكە سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژە یاسایەكین بە مەبەستی بەكارهێنانی وزە نوێبوەوەكان و وزەی بۆیلەر لەجیاتی وزە نەوتیەكان تا لەو رێگەیەوە لە هەرێمی كوردستان وزەی كارەبا بەرهەمبهێنرێت".

ئاماژەی بەوەشكرد "پرۆژە یاساكە بەشی زۆری تەواوبوە و بەشێكی كەمی ماوە، كە ئومێدەوارین لە خولی گرێدانی دوەمی پەرلەماندا بتوانین پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانی بكەین".

ئەمە یەكەمین هەنگاوە لەسەر ئاستی پەرلەمان

لە وەڵامێكی پرسیارێكدا كە ئایا پێشتر كار بۆ بەرهەمهێنان و بەكارهێنانی سیستەمی وزەی نوێبوەوە كراوە یاخود ئەمە یەكەم هەنگاوە، ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان وتی "وەكو كاری پەرلەمانی هیچ هەنگاوێك لەوباریەوە نەنراوە و ئەمە یەكەم هەنگاوە ئێمە دەینێین".

دەرفەتێكی گرنگە بۆ دابینكردنی هەلی كار

سەبارەت بە پڕۆژە یاساكەش ئاماژەی بەوەكرد "ئەم پرۆژە یاسایە دەرفەتێكی گرنگە بۆ ئەوەی بتوانین هەلی كاری زیاتر بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دابین بكەین و لەورێگەیەوە بتوانین ژینگەی هەرێمی كوردستان پاكتر و پارێزراوتربكەین".

بەپێی وتەكانی گەزنەیی "بەكارهێنانی ئەو وزەیە رێگەیەكی سەلامەتترە، چونكە كێشەی كارەبا كەمتر دروستدەكات لەكاتێكدا كە لە هەرمی كوردستان كێشەیەكی گەورەی كارەبا بونی هەیە، ئەو كێشەیە لەڕوی وەبەرهێنانەوە نیە و بەڵكو لەروی دابەشكردنەوەیە، ئەم كێشەیە بوەتە هۆی ئەوەی پارەیەكی زۆر لە كارەبادا خەرجبكرێت و لە روی دابەشكردنیشەوە كارەبایەكی یەكجار زۆر بەفیرۆدەڕوات".

سەبارەت بە پرۆژەی ژینگەدۆستی كە لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە و بە شێوەیەكی كرداری بە مەبەستی بەكرداركردن و دروستكردنی سەنگی ژینگەپارێزی كاردەكات كاروان گەزنەیی ئاماژەی بەوەكرد "ئەو پرۆژە یاسایە دەستپێشخەریە بۆ پشتیوانیكردنێكی گەورە لە پرۆژە ژینگەدۆستیەكان و بە گشتی بۆ ژینگەی هەرێمی كوردستان".

وتیشی "پەرلەمانی كوردستان هەمیشە ئامادەیە پشتیوانی لەو پڕۆژانە بكات كە لە خزمەتی ژینگەی هەرێمی كوردستاندابێت، بە مەرجێك پێچەوانەی پەیڕەو ویاسا دانپێدانراوەكانی هەرێمی كوردستان نەبێت، چونكە نەك لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو لە تەواوی عێراق و ناوچەكە و جیهان، ژینگە یەكێكە لە كێشە گەورەكان، بۆیە پێویستە هەرێمی كوردستا خۆی بۆ ئەو كێشەیە ئامادەبكات و رێگەچارەیەك بۆ هێڵانەوەی ژینگەی هەرێم بە پاكی بدۆزرێتەوە".

وزە نوێبوەوەكان چیە؟

وزە نوێبوەوەكان بریتیە لەو وزانەی لە سەرچاوە سروشتیەكانی وەك تیشكی خۆر و با و باران و شەپۆلە ئاویەكان و وزەی گەرمی ژێرزەوی بەرهەمدەهێنرێن.  بەرهەمهێنانی ئەو وزەیە بە واتای بەكارهێنانی (وزەی پاك) دێت كە لەو رێگەیەوە تێچوی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا كەمدەكاتەوە، سەرەڕای تێچوەكەی دەبێتە هۆی هێلانەوەی ژینكە بە پاكژی و پرۆسەی وەبەرهێنانەكەی هاوشێوەی وزە ئاساییەكان ژینگە پیس ناكات.

لە وڵاتانی پێشكەوتو، وزە نوێبوەوەكان ماوەی چەندین ساڵە چونەتە بواری جێبەجێكردنەوە ئایسلاند لەوبوارەدا پێشەنگە كە پاكترین وزەی كارەبا لە جیهاندا بەرهەمدەهێنێت، بەپێی دوایین توێژینەوە رێژەی لەسەدا 100ی وزەی بەرهەمهێنراوی ئایسلاند وزەی نویبوەوەیە.


نیشانەکردن :

#ژینگەدۆستیی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP