دابەشکردنی موچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران دەستپێدەکات

- 8/1/2019 2:23:00 PM 76420 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرچاوەیەک بانکی هەرێم لە سلێمانی رایگەیاند، یەکشەممەی داهاتو دەستبەدابەشکردنی موچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

سەرچاوەیەک لە بانکی هەرێم لە سلێمانی ئەمڕۆ بە خەندان-ی راگەیاند، "یەکشەممەی داهاتو 4ی ئاب، دەستبەدابەشکردنی موچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم مانگەش هاوشێوەی مانگەکانی رابردو موچە دابەشدەکرێت و سەرەتا وەزارەتی و پێشمەرگە و دواتر لیواکان موچە وەردەگرن.

بەپێی لیستێکی موچە کە لە گەنجینەی وەزارەتی دارایی و ئابوریەوە بە خەندان دراوە، رۆژی یەکشەممە 4ی ئاب موچەی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان و رۆژی دوشەممە موچەی یەكەکانی 70 و 80 دابەش دەكرێت.

هاوکات بڕیارە پێش جەژنی قوربان موچەی مانگی ئایاری هەریەکە لە وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی تەندروستی دابەشبکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچە پشتبە دو سەرچاوەی دارایی دەبەستێت، یەکەمیان، فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بەشێوەی سەربەخۆ، دوەمیان ناردنی پشکی هەرێمی کوردستانە لە بەغداوە کە مانگانە 522 ملیار دینارە.

وەزارەتی دارایی و ئابوری لەمساڵدا حەوت موچەی فەرمانبەرانی دابەشکردوە، سێ موچەیان هی مانگەکانی 10، 11 و 12ی ساڵی رابردو بو، کە بەهۆی "قەیرانی دارایی"یەوە نەدرابو، هەروەها چوار موچەی ئەمساڵیش دابەشکراوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP