بەپەلە

دادگای باڵای عێراق: کارکردن بە ماددەی 140 بەردەوام دەبێت

- 7/30/2019 12:22:00 PM 42565 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا تا ئەوكاتەی سەرجەم ئامانجەكان ماددەی 140 جێبەجێدەكرێت، كاركردن بە ماددەی 140 بەردەوامدەبێت.

ئیاس ساموك، وتەبێژی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، "دادگای باڵای عێراق بە سەرۆكایەتی قازی مەدحەت مەحمود و بە بەشداری ئەندامانی دیكە دانیشتنی خۆی ئەنجامدا و لەسەر داوای ئەنجومەنی نوێنەران ماددەی 140ی تاوتوێكرد".

ئاماژەی بەوەشكرد، "بەپێی بەداواداچونەكانی دادگای باڵا، ماددەی 140 ی دەستوری عێراق بۆ ساڵی 2005 داوای لە دەسەڵاتی جێبەجێكار كردوە بە مەبەستی جێبەجێكردنی داواكاریەكانی ماددەی 58 لە یاسای ئیدارەی دەوڵەت بۆ قۆناغی راگوزەری هەنگاوبنێن و سەرجەم برگەكانی جێبەجێبكەن، كە تا ئێستاش بە گەڕانەوە بۆ هەنگاوەكانی ماددەی 143 كاریپێدەكرێت".

وتەبێژی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق وتیشی، "بەپێی دادگای باڵا، ئەو هەنگاوە بۆ بەجێگەیاندنی ئامانجەكانی ماددەی 58ی یاسای ئیدارەی دەوڵەتی عێراقە بۆ قۆناغی راگوزەر، تا لەو ناوچانەدا كە گۆڕانكاری بەسەر دانیشتوانەكەیاندا هاتوە دادپەروەری تێدا ئەنجامبدرێت".

ئەو وتەبێژە راشیگەیاند، "دادگای باڵا لە لێكۆڵینەوەكانیدا بۆی دەركەوتوە ئەو هەنگاوانە تەواونەكراون  و بەشێكیان تا ئێستا كاریان بۆ نەكراوە، ئەنجامدان و جێبەجێكردنی ماددەی 140 ی دەستور ئەركێكی داواكراوە و پێویستە بە تەواوی جێبەجێبكرێت".

سەبارەت بە وادەی دیاریكراو بۆ جێبەجێكردنی ئەو ماددەیە ساموك لە بەیاننامەکەدا رونیکردوەتەوە، "دادگای باڵا جەختی لەسەر ئەوەكردوەتەوە وادەی دیاریكراو بۆ ماددەی 140ی دەستور بە مەبەستی دانان و رێكخستنەوەی كارەكان و هاندانی لایەنە پەیوەندیدارەكانە بۆ جێبەجێكردنی، وادەكە پەیوندی بە گۆڕینی ناوەڕۆك بەئەنجامگەیاندنی ئامانجەكەوە نیە".

وتەبێژی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕو، "دادگای باڵای عێراق بڕیاریداوە بە بەردەوامبونی ماددەی 140 تا ئەو كاتەی بەتەواوی سەرجەم ئامانجەكانی جێبەجێدەكرێت و بەپێی هەنگاوەكانی ماددەی 58ی یاسای ئیدارەی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی راگوزەر كارەكانی تەواودەبێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP