پێش کۆتایی 2019 کۆنگرە دەبەسترێت
کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆتایی هات

- 7/29/2019 7:07:00 PM 3909 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

کەمێک لەمەوبەر کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆتایی هات.

دوای کۆتای هاتنی کۆبونەوەکە، لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، پێش کۆتایی ئەمساڵ کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی دەبەسترێت.

لەبارەی كاندیدی یەکێتی بۆ جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەتیف شێخ عومەر رایگەیاند"كاندیدەی یەکێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشتر دیاریکراوە و هیچ گۆڕانکارییەک رووینەداوە".

دوێنێ 28/7/2019 وەستا رەسوڵ، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەخەندان-ی راگەیاند،" بەسەرپەرشتی لێپرسراوی ئەنجومەنی رێكخستن، مەكتەبی رێكخستن زنجیرەیەك كۆبونەوەی لەگەڵ لێپرسراوی مەڵبەندەكان ئەنجامداوە و پێموایە بەردەوام دەبێت، تا بتوانین وەكو ئۆرگانێكی فەرمی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، كە تایبەتە بە رێكخستنەوەی ئۆرگانەكانی یەكێتی، راپۆرتێكی چڕوپڕ بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی ئامادە بكەین بۆ ئەوەی پەسەندی بكات و بڕیاری كۆتایی لێ بدات، بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان".

بەستنی كۆنگرەی چوارەم، نابێت لەمساڵ تێبپەڕێت و كۆنگرەیەكی شەفاف و سەركەوتوبێت و بتوانێت ریزەكانی رێكخستنی یەكێتی نوێبكاتەوە

 
وەستا رەسوڵ وتیشی،"پێموایە بەستنی كۆنگرەی چوارەم، نابێت لەمساڵ تێبپەڕێت و كۆنگرەیەكی شەفاف و سەركەوتوبێت و بتوانێت ریزەكانی رێكخستنی یەكێتی نوێبكاتەوە و بەبەرنامەیەكی نوێوە جارێكی دیكە كاری رێكخراوەیی ئەنجامبدەین".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی لەبارەی ناكۆكییەكانی ئێستای حزبەكەی و زاڵبون بەسەریدا بۆ بەستنی كۆنگرە وتی،"ئەو ناكۆكیانە هیچی لەبەردەم كۆنگرە خۆی ناگرێت و هەموان داوای بەستنی كۆنگرە دەكەن، بۆیە هیواموایە پێش مانگی 12 كۆنگرە ببەسترێت".

 

 


نیشانەکردن :

#یەکێتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP