"لە كاتی ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبەریشدا پەیوەندیم لەگەڵ بازرانی نەپچڕاند"
عەبادی: باسکردن لەڕێکەوتنم لەگەڵ گروپێکی یەکێتی ڕاست نیە، من راستیەکەت پێ دەڵێم

- 7/29/2019 1:22:00 PM 78013 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوی عێراق باسی روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی لەگەڵ سەركردایەتی كورد دەكات دەڵێت، لە كاتی ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبەریشدا پەیوەندی لەگەڵ بازرانی نەپچڕاندوەو لە میدیاشەوە بیستویەتی کە لایەنێک بە خیانەت تۆمەتبارکراوە.
راستییەكە ئەوەیە من بەشێوەیەكی رون لەگەڵ پێشمەرگە مامەڵەم كرد، پێشمەرگەم وەكو دوژمن دانەنا

 

حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی رووداو لەبارەی روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 دەدوێت و لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا رێككەوتنی لەگەڵ گروپێكی نێو یەکێتی کردوە؟، رایگەیاند، "ئەو قسەیە ورد و راست نیە، من راستییەكەت پێدەڵێم، راستییەكە ئەوەیە من بەشێوەیەكی رون لەگەڵ پێشمەرگە مامەڵەم كرد، پێشمەرگەم وەكو دوژمن دانەنا، وتارەكەم بۆ پێشمەرگە ئەوەبو كە ئێوە لەئێمەن و رێزتان لێدەگرم و هاوئاهەنگیتان لەگەڵ دەكەم، پێشمەرگە شەڕی نەكرد سەرەڕای ئەوەی سەركردایەتییەكان فەرمانیان پێكردن شەڕ بكەن".
پێشمەرگە نەیویست بچێتە شەڕەوە لەگەڵ هێزی ئەمنی عێراق، من لە میدیادا بیستم كە لایەنێك بە خیانەت تۆماتباركراوە

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "پێشمەرگە نەیویست بچێتە شەڕەوە لەگەڵ هێزی ئەمنی عێراق، من لە میدیادا بیستم كە لایەنێك بە خیانەت تۆماتباركراوە، من پێموایە پێش ئەوەی كەسێكی دیكە بە خیانەت تۆماتباربكەیت، تۆ بە سیاسەتی خۆتدا بچیتەوە".

لەبارەی شەڕی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لە پردێ و سحێلا عەبادی وتی، "ئەمە دواتر بو، پاش ماوەیەك فەرمان دەرچو، هەوڵێك بو بۆ سەرقاڵكردن و خوێنڕشتن، ئەمەش سیاسەتێكی هەڵەیە، بەداخەوە هەندێك لایەن لە هەرێمی كوردستان، میدیاكانیان خوێنڕشتن و شەڕی دەویست، تاوەكو كورد لە پشتی بمێننەوە و كۆنتڕۆڵی كورد بكات". 
 بەڕاشكاوی من شتێكت بۆ باس دەكەم، ئێمە دەمانتوانی لەوە زیاتر بڕۆین چونكە زەوییەكەی پێشمان كراوەبو

 

ئەوەشی خستوەتەڕو، "ئێمە سیاسەتەكەمان تەواو پێچەوانەبو، نەماندەویست خوێن بڕژێت، بەڕاشكاوی من شتێكت بۆ باس دەكەم، ئێمە دەمانتوانی لەوە زیاتر بڕۆین چونكە زەوییەكەی پێشمان كراوەبو، بەڵام نەمانویست ئەوە بكەین، چونكە زانیمان ئەگەر هێزەكانمان زیاتر بڕۆن خوێن دەڕژێت".
 ئەو تانكانە لە بنەڕەتدا ئاڕاستەی بەرەو هەولێر  نەبو، بەڵكو تەنیا یاسا سەپێندرا

 

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئەگەر هێزە عێراقیەکان دەیانتوانی زیاتر بێنە پێشەوە، خۆ ئەبرامزەكەتان لە پردێ شكا، كە پێشمەرگە شەڕی كرد حەشدی شەعبیش شكا، چۆن دەتانتوانی زیاتر بێنە پێشەوە حەیدەر عەبادی دەڵێت، "راست نییە، ئەوە دەستدرێژییەكی بێ پاساو بو، هەوڵێك بو بۆ روبەڕوبونەوە لەگەڵ سوپای عێراق، ئەو تانكانە لە بنەڕەتدا ئاڕاستەی بەرەو هەولێر  نەبو، بەڵكو تەنیا یاسا سەپێندرا، خەلەلێك رویدا و لێكۆڵینەوەش لەوبارەیەوە كرا، هەوڵێك بو لەلایەن هەندێك سەركردە لە هەرێمی كوردستان بۆ راكێشانی سوپای عێراق بۆ شەڕی راستەوخۆ". 
من ئازار دەچێژم كاتێك دەبینم كوردێك دەكوژرێت یان كوردێك ئازار دەچێژێت، یان موچەی نییە

 

سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق رونیکردەوە، "ئێمە لەو بابەتە دوركەوتینەوە لە كۆتاییدا من سەرۆك وەزیرانی عێراق بوم و بەرژەوەندیی كوردم بەلاوە گرنگە، هەروەكو چۆن بەرژەوەندیی عەرەبم بەلاوە گرنگە، من ئازار دەچێژم كاتێك دەبینم كوردێك دەكوژرێت یان كوردێك ئازار دەچێژێت، یان موچەی نییە، بۆیە بیرتانە كە وتیان پارە نییە بۆ پێدانی موچە و گەیشتە قۆناخێكی سەخت لە كوردستان، تیمێكم نارد بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە بابەتەكە بكەن و وردبینییان لە موچەكاندا كرد، گەیشتنە ئەوەی كە 400 هەزار فەرمانبەر لە هەرێمدا هەن، بەگوێرەی ئەوەش موچەمان بۆ فەرمانبەران لە هەرێمی كوردستان خەرجكرد". 
ئەگەر بمویستبا ویلایەتی دوەم ببەمەوە ئەوە دەمتوانی نەفەسی دژایەتی عەرەب بەرامبەر كورد زیاد بكەم و عەرەب دەنگیان بۆ دەدام

 

عەبادی باسی لەوەشکردوە، ئەو کارانەی بۆ ئەوە نەکردوە تاوەکو شەعبییەتی زیادبکات  لە كاتی هەڵبژاردن و وتی، "من پێویستم بەوە نەبو، ئەگەر ئەوەم بویستبا ئەوا ئاهەنگی گەورەم لە كەركوك و ناوچەكانی دیكە دەكرد، من تەنانەت لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن سەردانی كەركوكیشم نەكرد، من ئەوەم نەدەویست، ئەگەر بمویستبا ویلایەتی دوەم ببەمەوە ئەوە دەمتوانی نەفەسی دژایەتی عەرەب بەرامبەر كورد زیاد بكەم و عەرەب دەنگیان بۆ دەدام، بەڵام من ئەوەم نەكرد، بەڵكو سوربوم لەسەر بەرژەوەندی خەڵك و هاوڵاتییانی كورد.
 ئەگەر بەڕاستی بمویستبا سەربكەوم ئەوا فڕۆكەخانەم نەدەكردەوە و موچەم نەدەنارد تاوەكو پاش هەڵبژاردن بۆ ئەوەی سەربكەوم

 

لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکان بەغدا و هەرێم و کۆبونەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی ئەوکاتی هەرێم، عەبادی دەڵێت، "زۆربەی راگەیەندراو بو، سەردانی فەرمی و دروستبو، ئامانجەكە ئەوەبو كە ئێمە لە یەك وڵاتداین و دەبێت لەو چوارچێوەیەدا هاوئاهەنگ بین، تۆ دەڵێی سزا، بەڵام كردنەوەی فڕۆكەخانەكان پێش هەڵبژاردن بو بە دوو مانگ، ناردنی موچە پێش هەڵبژاردن بو، كەواتە سزا نەبو، ئەگەر بەڕاستی بمویستبا سەربكەوم ئەوا فڕۆكەخانەم نەدەكردەوە و موچەم نەدەنارد تاوەكو پاش هەڵبژاردن بۆ ئەوەی سەربكەوم". 
تەنانەت لە كاتی ریفراندۆمدا پەیوەندمان لەنێواندا هەبوە، بۆ ئەوەی هەوڵی راگرتنی لێكەوتەكانی بدەین، ئەمە بابەت و ململانێیەكی  شەخسی نییە

 

لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان حەیدەر عەبادی دەڵێت، "تەنانەت لە كاتی ریفراندۆمدا پەیوەندمان لەنێواندا هەبوە، بۆ ئەوەی هەوڵی راگرتنی لێكەوتەكانی بدەین، ئەمە بابەت و ململانێیەكی  شەخسی نییە، بەپێچەوانەوە پەیوەندییەكانمان زۆرباشن، بەڵام تێڕوانین هەیە لەسەر ئەوەی كە رودەدات و بەرژەوەندی وڵات و گەلێك هەیە، بۆیە بەشێك لەو رێكارانەی كە گرتمەبەر لەو چوارچێوەیەدابو، بە بەڵگەی ئەوە پەیوەندییەكانم لەگەڵ بەرێز مەسعود بارزانی تێكنەچون، ئەو سەردانی كردم كە هاتە بەغدا، بەو مانایەی كە هیچ شتێك نییە و هیچ شتێكی شەخسیم لەدژی ئەو نەكرد و ئەویش هیچ شتێكی شەخسی لەدژم نەكرد".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP