بەپەلە

باشترین بژارده‌ ڕێککه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی
عەلی حەمەساڵح: گەر بە پرۆژه‌ی ئاشتی هه‌ورامی حکومه‌ت بڕواتە بەغدا، هه‌رگیز ڕێکناکه‌وێت

- 7/28/2019 9:29:00 PM 12342 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

عەلی حەمە ساڵح رایگەیاند،باشترین بژارده‌ ڕێککه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی دەشڵێت،"ئه‌گه‌ر به‌ ژماره‌و بیرۆکه‌و پرۆژه‌ی ئاشتی هه‌ورامی حکومه‌تی هه‌رێم بڕوات له‌گه‌ڵ ناوه‌نددا ڕێکبکه‌وێت، هه‌رگیز ڕێکناکه‌وێت و هه‌رێمی کوردستانیش له‌ 2020 دا توشی قه‌یرانێکی گه‌وره‌ ده‌بێت".

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لە پۆستێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوك باسی نهێنی بڕیارەكان و هۆكاری شكستهێنانی سیاسەتی نەوتی هەرێمی كردوە و پێی وایە باشترین دەرفەت عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی ئێستای عێراقە.
خۆمان نه‌وت بفرۆشین زۆر زیاترمان ده‌ستده‌که‌وێت له‌وه‌ی به‌غدا

 

عەلی حەمە ساڵح، چومەوە سەر بەڵگەكان، سه‌ره‌تای ساڵی 2014، له‌ کۆبونه‌وه‌ی فه‌رمی له‌ هۆڵی پرۆتۆکۆڵی په‌رله‌مانی کوردستان، منیش وه‌ک نوێنه‌ری گۆڕان به‌شداربوم، کۆبونه‌وه‌ به‌ئاماده‌بونی سه‌رۆکی حکومه‌ت و جێگره‌که‌ی، ئاشتی هه‌ورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان بو، ڕاپۆرتێکی ئاماده‌کردبو، وتی" خۆمان نه‌وت بفرۆشین زۆر زیاترمان ده‌ستده‌که‌وێت له‌وه‌ی به‌غدا" ڕاپۆرته‌که‌ی کێڵگه‌ به‌کێڵگه‌ی کوردستان ئاستی به‌رهه‌می نه‌وت و داهاته‌که‌ی دیاری کردبو! ئێستا نوسخه‌یه‌کی ئه‌و ڕاپۆرته‌ پڕ هه‌ڵه‌یه‌ی ئاشتی هه‌ورامیم له‌به‌رده‌سته‌‌".

بەپێی راپۆرتەكە له‌ ساڵی 2016 دا، ته‌نیا داهاتی کێڵگه‌ نه‌وتیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان 38 ملیار دۆلار ده‌بێت، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا داهاتی نه‌وت له‌و ساڵه‌دا 3 ملیار دۆلاری دیاره‌! واته‌ پێشبینیه‌که‌ 90٪ نادروست بو

 

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت،" بەپێی راپۆرتەكە له‌ ساڵی 2016 دا، ته‌نیا داهاتی کێڵگه‌ نه‌وتیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان 38 ملیار دۆلار ده‌بێت، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا داهاتی نه‌وت له‌و ساڵه‌دا 3 ملیار دۆلاری دیاره‌! واته‌ پێشبینیه‌که‌ 90٪ نادروست بو".

پێش ئه‌وه‌ی بێن بۆ کۆبونه‌وه‌ هه‌موو شتێکیان بڕیبوویه‌وه‌، هیچ شتێکیش له‌و کۆبونه‌وه‌ نه‌خرایه‌ ده‌نگدان

 

لەبەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا، عەلی حەمە ساڵح رایگەیاندوە،"پێش ئه‌وه‌ی بێن بۆ کۆبونه‌وه‌ هه‌موو شتێکیان بڕیبوویه‌وه‌، هیچ شتێکیش له‌و کۆبونه‌وه‌ نه‌خرایه‌ ده‌نگدان. ترسی بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ی به‌غدامان باسکرد، وتیان: سه‌ربه‌خۆ نه‌وت بفرۆشین زیاترمان ده‌ستده‌که‌وێت له‌وه‌ی به‌غدا پێمانده‌دات.زانیاری هه‌ڵه‌ بڕیاری هه‌ڵه‌ دروستده‌کات، بڕیاری هه‌ڵه‌ش قه‌یرانی گه‌وره‌ی به‌دوادێت".

ده‌بێت به‌و په‌ڕی قه‌ناعه‌ته‌و بگوترێت، ئه‌م سیاسه‌ته‌ی نه‌وت شکستی هێنا، له‌بری خۆشگوزه‌رانی قه‌یران و قه‌رزی هێنا

 

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان نوسیویەتی،"به‌پێی ڕاپۆرته‌که‌ی ئاشتی هه‌ورامی، داهاتی نه‌وت مانگانه‌ ده‌گاته‌ نزیکه‌ی 3 ملیار دۆلار، به‌ڵام ئێستا ته‌نیا 10٪ ئه‌و پاره‌ وه‌ک داهاتی نه‌وت ده‌گاته‌ وه‌زاره‌تی دارایی. ئاستی به‌رهه‌می نه‌وتیش یه‌ک ملیۆن نیه‌و 430 هه‌زار به‌رمیلی ڕۆژانه‌یه‌. له‌به‌رمیلێک نه‌وتیش ته‌نیا 19 دۆلاری ده‌مێنێته‌وه‌و ده‌درێته‌ وه‌زاره‌تی دارایی". 

عەلی حەمە ساڵح رایگەیاند،"ده‌بێت به‌و په‌ڕی قه‌ناعه‌ته‌و بگوترێت، ئه‌م سیاسه‌ته‌ی نه‌وت شکستی هێنا، له‌بری خۆشگوزه‌رانی قه‌یران و قه‌رزی هێنا"

به‌ناوی کۆمپانیای خزمه‌تگوازاری و سکویرتیش چه‌ندین به‌رپرسی باڵا له‌ژێر سێبه‌ری سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆی نه‌وت بون به‌ خاوه‌نی سه‌دان ملیۆن دۆلار

 

بەبڕوای عەلی حەمەساڵح ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌وان گرنگ بو، كە مەبەستی (كابینەی ئەو كاتەی حكومەتی هەرێمە) سه‌ربه‌خۆ نه‌وت بفرۆشن، پاره‌ بچێته‌ بانکی ئه‌هلی وردبینی نه‌کرێت، به‌ناوی کۆمپانیای خزمه‌تگوازاری و سکویرتیش چه‌ندین به‌رپرسی باڵا له‌ژێر سێبه‌ری سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆی نه‌وت بون به‌ خاوه‌نی سه‌دان ملیۆن دۆلار.( به‌به‌ڵگه‌ هه‌موی هه‌یه‌) کێشه‌ی گه‌وره‌ی قه‌رزو قه‌یرانیش بۆ خه‌ڵک بو".

ئه‌سته‌مه‌ دوای عادل عه‌بدولمه‌هدیش سه‌رۆکوه‌زیرانێکی ئاوا هاوسۆز بۆ کورد له‌ عێراقدا حاکم بێت

 

لە درێژەی پۆستەكەیدا، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان چارەسەری خستوەتەرو نوسیویەتی،"سیاسه‌تێکی ژێرانه‌و واقع بینانه‌، باشترین بژارده‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان بۆ ئه‌وه‌ی توشی قه‌یرانێکی قوڵ نه‌بێت... ڕێککه‌وتنێکی سه‌نگینه‌ له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی، هیچ سه‌رۆکوه‌زیرانێک وه‌ک عادل عه‌بدولمه‌هدی دڵسۆزانه‌ نایه‌وێت کێشه‌ی هه‌رێمی کوردستان و به‌تایبه‌ت بودجه‌ چاره‌سه‌ر بکات، ئه‌سته‌مه‌ دوای عادل عه‌بدولمه‌هدیش سه‌رۆکوه‌زیرانێکی ئاوا هاوسۆز بۆ کورد له‌ عێراقدا حاکم بێت، بۆیه‌ باشترین بژارده‌ ڕێککه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی".

باشترین بژارده‌ ڕێککه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی

 

دەشڵێت،"ئه‌گه‌ر به‌ ژماره‌و بیرۆکه‌و پرۆژه‌ی ئاشتی هه‌ورامی حکومه‌تی هه‌رێم بڕوات له‌گه‌ڵ ناوه‌نددا ڕێکبکه‌وێت، هه‌رگیز ڕێکناکه‌وێت و هه‌رێمی کوردستانیش له‌ 2020 دا توشی قه‌یرانێکی گه‌وره‌ ده‌بێت، که‌ چاوه‌ڕواننه‌کراوه‌. بۆیه‌ باشترین بژارده‌ ڕێککه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدیدا". 

لە كۆتایشدا دەڵێت،"دراسه‌ی ورد، پێشبینی واقعی، لێکدانه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌کان پێش دانوستان گرنگو پێویسته‌و من خۆم ئه‌مه‌م به‌ به‌رپرسان وتوه‌ به‌تایبه‌ت وه‌زیری دارایی که‌ ئه‌ندامی لیژنه‌که‌یه‌".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP