روسیا داوا لە ئێران دەكات لە كەمكردنەوەی پابەندیەكانی بە رێككەوتننامە ئەتۆمیەكە بكشێتەوە

- 7/28/2019 7:35:00 PM 3562 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا، داوا لە ئێران دەكات لە هەنگاوی سێیەمی بۆ كەمكردنەوەی پابەندیەكانی بە رێككەوتننامە ئەتۆمیەكە بكشێتەوە و پەیوەست بێت بە بڕگەكانی رێككەوتننامەكەوە.

ئەو كارە گرژیەكان زیاتردەكات

پاش كۆبونەوەی وڵاتانی بەشداربو لە رێككەوتنە ئەتۆمیەكە سێرگی ریابكۆڤ، جێگرە وەزیری دەرەوەی روسیا لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ یەكشەممە داوای لە ئێران كرد هەنگاوی سێیەمی لە كەمكردنەوەی پابەندیەكانی بە رێككەوتننامە ئەتۆمیەكە جێبەجێنەكات، چونكە ئەو كارە گرژیەكان زیاتردەكات.

دوركەوتنەوە لە بڕگەكانی ئەو رێككەوتنە پلەی گەرمی سیاسەتی ناوچەكە بەرزتردەكاتەوە

ریابكۆڤ ئاماژەی بەوەكرد "لە سەرەتاكانی مانگی ئەیلولدا، ئێران سێیەمین قۆناغی كەمكردنەوەی پابەندیەكانی بە رێككەوتننامە ئەتۆمیەكە جێبەجێدەكات، داوامان لێكردون دوربكەونەوە لەو كارە، چونكە دوركەوتنەوە لە بڕگەكانی ئەو رێككەوتنە، پلەی گەرمی سیاسەتی ناوچەكە بەرزتردەكاتەوە و ئەوەش دەبێتەهۆی پەرتەوازەوبنی لایەنەكان و توندكردنی هەڵوێستە ركابەرەكان".

 

ئەو وتانەی جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا پاش كۆبونەوەی لایەنەكانی رێككەوتننامە ئەتۆمیەكە دێت، كە ئەمڕۆ یەكشەممە بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆیەكی بەپەلە سەبارەت بە زیاتربونی گرژی و ئاڵۆزیەكانی ئێران بەرامبەر بە وڵاتانی رۆژئاوا لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا كۆبونەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP