بە ڤیدیۆ.. لەپێناو رزگارکردنی ژیانی کۆرپەیەک سەگێک گیانی دەسپێرێت

- 7/28/2019 7:11:00 PM 14300 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لەپێناو رزگارکردنی ژیانی منداڵێکی یەک ساڵان، سەگێک گیانی خۆی بەخشی و سەگێکی دیکە بینایی چاوەکانی لەدەستدا.

هەینی رابردو، 19ی تەمموز، لە یەکێک لە ماڵەکانی شاری کیداپاوان لە فیلیپین، لەکاتێکدا منداڵێکی یەک ساڵان بە ناوی سکیێ خەوتوە، مارێکی گەورە لە جۆری کۆبرا چوەتە ناو باخچەی ماڵەکە و لە دەروازەی چونەژورەوە نزیکبوەتەوە.

یەکێک لە سەگەکان گیانی دەسپێرێت و سەگەکەی دیکە بینایی لەدەستدەدات

 
کامێرای چاودێری ماڵەکە، دیمەنی ساتی روبەڕوبونەوەی ئەو مارەی کە لەگەڵ دو سەگی خاوەن ماڵەکەدا تۆمارکردوە، کە پاش چەند خولەکێک لە روبەڕوبونەوە یەکێک لە سەگەکان بەهۆی ژەهری مارەکەوە و گیانی دەسپێرێت و سەگەکەی دیکە بینایی چاوەکانی لەدەستدەدات.

لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەرکەوتوە، پاش ئەوەی مارەکە دەیەوێت بە باخچەکەدا تێپەڕبێت و بچێتە ناو ماڵەکەوە، هەردو سەگەکە دەستبەجێ پەلاماریدەدەن و هەوڵدەدەن بە ددانەکانیان لە دەروازەی چونەژورەوە و شوێنی نوستنی منداڵە یەک ساڵانەکە دوریبخەنەوە.

سەرەڕای برینداربونیان هەردو سەگەكە بۆ ماوەی دو خولەك بەردەوامبون لە روبەڕوبونەوەی مارەكە

بۆ ماوەی دو خولەک، هیچ کام لەو دو سەگە ئامادەنەبون لە روبەڕوبونەوەی مارەکە پاشەکشەبکەن، سەرەڕای ئەوەی مارەکە پێوەیدابون و هەردوکیان بە ژەهرەکەی برینداربون.

بە هەوڵی هەردو سەگەکە مارەکە کوژرا

سەرەنجام بە هەوڵی هەردو سەگەکە مارەکە کوژرا، بەڵام بەهۆی بەهێزی ژەهری مارە کۆبراکەوە، یەکێک لە سەگەکان (مایڵی) گیانی سپارد، سەگەکەی دیکە لە ژیاندا ماوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوی مارەکە داویەتی بە روخساریەوە، بینایی هەردو چاوی لەدەستداوە.

لەکاتی روداوەکەدا، باوک و دایکی منداڵەکە هەردوکیان لەسەر کارەکەیان بون و تەنها ئەو منداڵە و خزمەتگوزاری ماڵەکە لە ماڵەوەبون، پاش ئەوەی دایک و باوکی منداڵەکە لە کار گەڕاونەتەوە خزمەتگوزارەکەیان تەواوی روداوەکەی پێڕاگەیاندون.  

لە راگەیندراوێکدا باوکی منداڵەکە دەڵێت "ناتوانم بە رادەی پێویست سوپاسی هەردو سەگەکەم بکەم کە ژیانی منداڵەکەمیان رزگارکرد، مایڵی هەر لە یادماندا دەمێنێتەوە". 

 

 

 


نیشانەکردن :

#جۆراوجۆر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP