بریتانیا و عێراق پەیوەندیەكانیان بەهێزدەكەن
رێگای نێوان كۆشكی سەلام و ژمارە 10ی داونینگ ستریت ئاساندەبێت

- 7/26/2019 11:56:00 AM 2780 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لەمیانی سەردانەكەی سەرۆك كۆماری عێراق كە مانگی رابردو بۆ لەندەن ئەنجامیدا، جێرێمی هەنت، وەزیری دەرەوەی بریتانیا دوپاتیكردەوە "شانشینی یەكگرتوی بریتانیا لە بوارەكانی ئاسایش و بەرگری و بازرگانیدا پابەندە بە كاركردن لەگەڵ عێراق".

هەنت رایگەیاند "هەردو وڵاتەكە ژمارەیەكی زۆر بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە، لەنێویشیاندا گرەنتیكردنی شكستهێنان بە داعش و كەمكردنەوەی گرژی و ئاڵۆزی لە ناوچەكە".

ئاماژەی بەوەشكرد "ئێستا كاتێكی گرنگە بۆ عێراق، چونكە پاش ساڵانێك لە ململانێ برینەكانی ساڕێژدەبێتەوە و لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پەیوەندیەكانی بەهێزدەكات"، لەم هەفتەیەشدا رایگەیاند "شانشینی یەكگرتوی بریتانیا لەسەر پەیوەندیە پتەو و مێژوییەكانی لەگەڵ عێراق جەختدەكاتەوە".

سەرۆك بەرهەم ساڵح مانگی رابردو، لە گەشتێكی سێ رۆژەیدا لە لەندەن مایەوە، لەو ماوەیەدا سەبارەت بە پەیوەندیە ئەمنیەكان لەگەڵ تێرێزا مەی، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتەی بریتانیا گفتوگۆیان ئەنجامدا، هاوكات مەی ئاماژەی بەوەكرد "حكومەتەكەی پشتیوانی لە حكومەتی عێراق دەكات تا دەوڵەتێكی سەقامگیر و سەركەوتو پێكبهێنێت".


لە پێشبینیەكی سەركەوتوانەیدا بۆ داهاتوی حكومەتی بریتانیا، سەرۆك بەرهەم چاویكەوت بە بۆریس جۆنسن، كە لەوكاتەدا پاڵێوراوی پارتی پارێزگارانی ئەو وڵاتە بو بۆ پێگەی سەرۆك وەزیرانی بریتانیا.



چاوپێكەوتنەكەی سەرۆك بەرهەم لەگەڵ بۆریس جۆنسن لە وێست مینیستر لە لەندەنی پایتەخت تەنها چاوپێكەوتنێكی سادە نەبو، بەڵكو پەیامێك بو كە تێیدا تێڕوانینی سەرۆك كۆماری عێراقی دەرخست سەبارەت بە گەشەسەندنی ململانێكان بۆ پێگەی سەرۆكی پارتی پارێزگاران و سەرۆك وەزیرانی بریتانیا، هاوكات دوربینی سەرۆك بەرهەم بو بۆ پێشبینیكردنی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی بریتانیا لە لایەن بۆریس جۆنسن-ەوە، بە شێوەیەكی كرداریش ئەو پێشبینیە رویدا.

لەسەر ئەو رێڕەوە، رێگەی نێوان كۆشكی سەلام (ناوەندی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق) لە بەغدا و ژمارە 10ی داونینگ ستریت (ناوەندی حكومەتی بریتانیا) لە لەندەن، رێگەیەكی ئاسان دەبێت و سەرەڕای دورودرێژی مەوداكەی نەرمی پێوەدیارە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP