بەپەلە

رۆژاڤا: هەر هێرشێكی توركیا دەبێتە هۆی دوبارەبونەوەی كوشتار و خاپوركاری لە تەواوی سوریا

- 7/26/2019 8:52:00 AM 2198 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پارتە سیاسیەكان لە باكور و رۆژهەڵاتی فورات، سەبارەت بە ئەنجامدانی هەر چالاكیەكی سەربازی لە لایەن توركیا و هەنگاونان بەرەو باكوری سوریا هۆشداریاندا و رایانگەیاند، ئەنجامدانی چالاكی سەربازی كوشتار و خاپوركاری لە تەواوی سوریا بڵاودەكاتەوە.

حكومەتی ئەنقەرە هەڕەشەكانی بۆسەر ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی وڵاتی سوریا چڕدەكاتەوە


پارتە سیاسیەكانی ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی فورات، دوێنێ پێنجشەممە لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا رایانگەیاند "حكومەتی ئەنقەرە هاوشێوەی هەنگاوە ساختەكانی پێشوی هەڕەشەكانی بۆسەر ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی وڵاتی سوریا چڕدەكاتەوە، هەوڵیشدەدات لەرێگەی ئەو هەڕەشانەوە لە دروستكردنی ناوچەی ئارامدا مەرجەكانی خۆی بەسپێنێت".

مەرجەكانی توركیا بە واتای داگیركاری دێت لەو ناوچەیەدا


لە راگەیندراوەكەی هێز و پارتە كوردیەكانی رۆژاڤادا هاتوە "مەرجەكانی توركیا سەبارەت بە دروستكردنی ناوچەی ئارامدا بە واتای داگیركاری دێت لەو ناوچەیەدا"، ئاماژە بەوەشكراوە "سەرجەم پارتە سیاسیەكانی ئەو ناوچەیە بە مەبەستی تاتوێكردنی هەڕەشەكانی توركیا و گرتنەبەری رێكاری گونجاو بۆ روبەڕوبونەوەی هەر هەرەشەیەك كۆبونەتەوە، چونكە هەڕەشەكانی توركیا بە هەند وەردەگیرێت و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر ئەو رەفتارانە بەرپرسیارێتی خۆی بخاتەڕو".

هەر دەستدرێژیەكی توركیا، باكوری سوریا دەكاتە دەروازەیەك بۆ پشێوی


سەبارەت بە ئەگەری رودانی هەر چالاكیەكی سەربازی لە ناوچەكەدا و جێبەجێكردنی هەڕەشەكان لەلایەن توركیاوە، ناوەرۆكی راگەیەندراوەكە دەڵێت "هەر دەستدرێژیەكی توركیا، ئارامی و سەقامگیری ناوچەكە تێكدەدات و قەیرانەكان ئاڵۆزتردەكات، هاوكات باكوری سوریا دەكاتە دەروازەیەك بۆ پشێوی و ئاڵۆزی جۆراوجۆر".

ئاماژە بەوەشكراوە "لە ئەگەری هێرشكردنە سەر ناوچەكە، دوبارە كوشتن و خاوپوركاری لە تەواوی سوریا بڵادەبێتەوە، ئەوەش دەبێتە بەربەست و كۆتاییهێنان بە تەواوی هەوڵە نێودەوڵەتیەكان بۆ گەیشتن بە چارەسەری سیاسی لە ناوچەكەدا".

ئەو هەڕەشانە بە تەنها یەك نەتەوە و یەك پێكهاتە ناكاتە ئامانج



لە هەمانكاتدا ئەو پارت و هێزە سیاسیانە ئیدانەی سیاسەتە توندئاژۆكانی ئەنقەرەیان كرد و رایانگەیاند "ئەو هەڕەشانە بە تەنها یەك نەتەوە و یەك پێكهاتە ناكاتە ئامانج، بەڵكو ئامانجەكە بە ئاراستەی داگیركردنی بەشێكی زیاتری خاكی سوریایە"، داواشكراوە بە مەبەستی وەستاندنی ئەو هەرەشانە، هەڵێكی جددی نێودەوڵەتی بدرێت.

لەسەر ئەو راگەیەندراوە هاوبەشە، ناوی 25 پارتی سیاسی باكور و رۆژهەڵاتی فورات هەیە، كە لەناویاندا پارتە سیاسیە كوردی و عەرەبی و ئاشوریەكانیش هەیە.

ئەو راگەیەندراوە پاش وتەكانی مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا دێت، كە چەند رۆژێك لەمەوبەر داوایكرد واشنتن سەبارەت بە دروستكردنی ناوچەی ئارام لە باكوری سوریا لەگەڵ وڵاتەكەیدا رێكبكەوێت، لەوبارەیەوە هۆشداریدا و رایگەیاند "ئەگەر ئەو ناوچەیە بنیادنەنرێت هێزی سەربازی دەجوڵێنن".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP