كەشتیەكی جەنگی ئەمریكی دەچێتە گەروی تایوان

- 7/25/2019 11:05:00 PM 2070 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەبارەت بە جێگیربونی كەشتیەكی جەنگی ئەمریكی لە كەنداوی تایوان، حكومەتی چین نیگەرانی خۆی راگەیاند، ئەوەش پاش رۆژێك لە هۆشداریەكانی حكومەتی پەكین دێت، كە رایگەیاندبو ئەگەر تایوان بەرەو سەربەخۆیی هەنگاوبنێت هێز بەكاردەهێنێت.

هوا چون یینگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمرۆ پێنجشەممە رایگەیاند "حكومەتی پەكین بە تەواوی نیگەرانە لە دوایین هەنگاوی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، كە لە ئێستادا كەشتیەكی جەنگی ناردوەتە ئەو گەروە دەریاییەی كە چین و تایوانی لێكدابڕیوە".

تایوان بابەتێكی زۆر هەستیار و گرنگی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و چینە


ئەو وتەبێژە لەوبارەیەوە وتی "تایوان بابەتێكی زۆر هەستیار و گرنگی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و چینە"، داواشیكرد ویلایەتە یەكگرتوەكان بە بیرۆكەی یەكپارچەیی خاكی چین-ەوە پابەندبیت و سەبارەت بە  تایوان ژیرانە مامەڵە بكات".

دەبێت ویلایەتە یەكگرتوەكان هەستیارانە مامەڵە بكات


ئاماژەی بەوەشكرد "ویلایەتە یەكگرتوەكان سەبارەت بە هەرێمی تایوان دەبێت هەستیارانە بجوڵێتەوە، بۆ ئەوەی زیان نەگەیەنێت بە پەیوەندیەكانی نێوان ئەو وڵاتە و چین، هاوكات ناوچەی كەنداوی تایوان بە سەقامگیری بمێنێتەوە".

دوێنێ چوارشەممە، وەزارەتی بەرگری چین لە راگەیەندراوێكیدا، ویلایەتە یەكگرتوەكانی بە تێكدانی سەقامگیری جیهان تۆمەتباركرد، هاوكات ئاماژەی بەوەكرد "ئەگەر تایوان هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بنێت وڵاتەكە ئامادەیە بۆ روبەڕوبونەوە".

چەند كاتژمێرێك پاش هۆشداریەی بەرگری پەكین، ئەنجومەنی كاروباری زەمینی تایوان لە داوای لە حكومەتی چین كرد، لە ئەنجامدانی جەنگ و بەكارهێنانی هێزی سەربازی دوربكەوێتەوە و رایگەیاند، "ئەو كارە توندئاژۆیانەی چین كاریگەری دەكاتە سەر سەقامگیری ناوچەكە".

لە ئێستادا گرژی و ئاڵۆزیەكانی نێوان هەریەك لە چین و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بەهۆی چەند دۆسیەیەكی ستراتیجی تایبەت بە ناوچەی كێشەلەسەری دەریای چینی باشور كە دەكەوێتە نێوان چین و ئەو وڵاتە لە زیادبوندایە و جەنگی بازرگانی نێوان چین-ئەمریكا بەردەوامی هەیە.
حكومەتی چین دورگەی تایوان بە هەرێمێكی دابڕاو لە خاكەكەی خۆی دادەنێت و بەپێی لێداونی بەرپرسە باڵاكانی ئەو وڵاتە، ئەگەر پێویست بكات بە بەكارهێنانی هێز كۆنترۆڵی دەكەن.

حكومەتی واشنتن لە ئێستادا هیچ پەیوەندیەكی راستەوخۆی لەگەڵ تایوان نیە، بەڵام بە یەكێك لە پشتیوانە گرنگە نێودەوڵەتیەكانی ئەو دورگەیە دادەنرێت و سەرچاوەی سەرەكیە بۆ چەكی ئەو ناوچەیە.


نیشانەکردن :

#چین #ئه‌مریكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP