هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

زلهێزەکانی جیهان لە دەریا و گەروەکانەوە شەڕی سارد دژی یەک بەرپا دەکەن

- 7/25/2019 9:57:00 PM 8174 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە سەرەتای ئەم مانگەوە چەندین وڵاتی زلهێزی جیهان، دەستیانکردوە بە دەستبەسەرداگرتنی کەشتیە نەوتی و بازرگانیەکانی یەکدی و، هەریەکەیان بە پاساوی جیا هەرەشە لە یەکسی دەکەن و شەری سارد دژی یەکدی دەگێرن.

بریتانیا دژی ئێران

رێکەوتی 4ی ئەم مانگە هێزی دەریایی شاهانەی بریتانیا، دەستیگرت بەسەر تانکەرێکی نەوتهەڵگری ئێراندا لە گەروی جەبەلتاریق، ئێرانیش باڵیۆزی بریتانیا لە ئێران بانگکرد تا رونکردنەوە لەسەر ئەو هەنگاوەی وڵاتەکەیدا بدات.

حکومەتی تاران ئەو هەنگاوەی هێزی دەریایی بریتانیا بە نایاسایی لەقەڵەمدا ، لایخۆشیوە بریتنیا دەڵێت "بە پاساوی هەناردەکردنی نەوت بۆ سوریا دەستمان بەسەر ئەو تەنکەرە نەوتەدا گرتوە".

ئێرانیش بالیۆزی بریتانیا-ی لە ئێران بانگکرد تا رونکردنەوە لەسەر ئەو هەنگاوەی وڵاتەکەیدا بدات، دوای سەرنەکەوتنی ئێران لە هەوڵی ئازادکردنی کەشتیەکەیان دوای تەنها دو هەفتە ئێران هەنگاوێکی هاوشێوەی پەرچەکرداری ئەنجامدا.

ئێران دژی بریتانیا

هەفتەیەک لەمەوبەر، رێکەوتی 19ی ئەم مانگە، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی"پێشێلکردنی رێساكانی هاتوچۆی دەریایی"، دەستی گرت بەسەر كەشتیەكی نەوتهەڵگری بریتانیادا لە گەروی هورمز.

سوپای پاسدارانی لەو باریەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردوە، "سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ هەینی دەستمانگرتوە بەسەر ئەو كەشتیە بریتانیەدا كە ناوی (ستینا ئێمبێرۆ)یە و دواتر لە لایەن هێزەكانی پاسدارانەوە براوەتە بەندەرەكانی ئێران"، ئاماژە بەوەشكراوە "پاش ئەوەی كەشتیەكەی بریتانیا براوەتە بەندەرە ئاویەكانی ئێران، بەپێی یاسا لێپێچینەوەی پێویستی لەگەڵدا دەكرێت".

جێرمی هەنت، وەزیری دەرەوەی بریتانیا رایگەیاند دەستبەسەرداگرتنی دو کەشتییان لەلایەن ئێرانەوە جێگای قبوڵ نیە و وتیشی "لەهەوڵداین بۆ ئازادکردنی ئەو دو کەشتییە".

وەزیری دەرەوەی بریتانیا رایگەیاند هەفتەکانی داهاتو وڵاتەکەی فشارەکانی بۆسەر کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەرامبەر دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەیان زیاددەکات و رۆژنامەیەکی ئەو وڵاتەش ئاشکرایکردوە بلۆککردنی مامەڵە داراییەکانی ئەو وڵاتە یەکێکە لەبژاردەکان.

دوێنێش رێکەوتی 24/7 حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران  پێشنیازی مامەڵەی " کەشتی بە کەشتی" لەگەڵ بریتانیا کرد و وتی" کەشتیە نەوتیەکەی بریتانیا  ئازاد دەکەین، ئەگەر ئەوانیش هەمان هەنگاو بنێن.

کۆریای باکور دژی روسیا  

رێکەوتی 17/4 کۆریای باكور تیمی کەشتیەکی روسی دەستگیرکرد، کە پێكهاتون لە 15  روسی و 2  هاوڵاتی کۆریای باشور.

دوێنێ  باڵیۆزی ڕوسیا لە كۆریای باكور، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند "پاسەوانی كەناراوەكانی کۆریای باكور چوارشەممەی رابردو رێكەوتی 17ی تەمموز، تیمی كەشتیەكی روسیان دەستگیر کردوە و تا ئێستاش تیمەکە لە هۆتێلێکی شاری ونسان دەستبەسەرکراون".

باڵیۆزەکە لە زاری وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆریای باكورەوە ئاماژەی بەوەكرد "ئەو تیمە بەهۆكاری پێشێلكردنی رێساكانی تێپەڕاندنی سنور و مانەوە لە ناوچەكەدا لە لایەن كۆریای باكورەوە دەستبەسەركراون".

روسیا دژی ئۆکرانیا

ئەمرۆ 25/7  هێزی دەریایی ئۆکرانیا دەستبەسەرداگرتنی کەشتیەکی نەوت هەڵگری روسیای لە گەروی کرچ راگەیاند ، کە لە رۆشتنیدا بوە بەرەو دەروازەی ئیزمایل.

حکومەتی کیڤ لە بەیاننامەیەکدا رونیکردوە، دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتیەی مۆسکۆ لەلایەن حکومەتی کیڤ لە تۆڵەی  چەند کەشتیەی ئۆکرانیادا بوە، کە ساڵی رابردو دەستی بەسەردا گرتون".

هەرچەندە  لەو کاتەوە ستافی سێ کەشتیەکەی ئۆکرانیا لەلایەن روسیاوە زیندانی کراوە، بەڵام زو مۆسکۆ هەرەشەی توندی ئاراستەی ئۆکرانیا کرد و وتی "ئەگەر هەر هاوڵاتیەکی روسیا بە بارمتە گیرا بێت ئەوا دەرئەنجامی قورسی دەبێت".

دوای هەرەشەکانی مۆسکۆ لە کیڤ، ئێوارەی ئەمرۆ چەند کاتژمێرێک دوای دەستبەسەرداگرتنی کەشتیە روسیەکە، حکومەتی ئۆکرانیا تیمی کەشتیوانی ئەو کەشتیەی ئازادکرد.


نیشانەکردن :

#شەڕی سارد

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP