بزوتنەوەی گۆڕان بەیاننامەیەك بڵاودەكاتەوە

- 7/25/2019 8:50:00 PM 1865 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
بزوتنەوەی گۆڕان لە یادی دامەزراندنیدا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند،" پرسی کەرکوک و دوز و خانەقین و شەنگال و هەمو ناوچە کێشەلەسەرەکان بەوە چارەسەردەبن کە دۆخی سیاسی، کارگێڕی، ئەمنیی و سەربازیی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە، دەشڵێت، هەمو هەوڵ ئامادەکارییەک دەکرێت، کە کۆنفرانسی نیشتمانی و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان لە2019دا ئەنجامبدات.
کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند لە خۆدزینەوە لەجێبەجێکردنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان (ماددەی ١٤٠، نەوت و غاز، پێشمەرگە و بودجە) بە دانوستان چارەسەربکرێن

 

لەو بەیاننامەیەدا كە وێنەیەكی گەیشتۆتە خەندان، بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند،"کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند لە خۆدزینەوە لەجێبەجێکردنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان (ماددەی ١٤٠، نەوت و غاز، پێشمەرگە و بودجە) بە دانوستان چارەسەربکرێن" داواش دەكات لایەنە سیاسییەكان لە ئاستێكی باڵادا كۆببنەوە.

بزوتنەوەكە بەردەوامە لەسەر ڕێبازی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، بۆ پارێزگاریکردن لە بەها نیشتمانی و نەتەوەییەکان

 

دەشڵێت وێڕای روبەروبونەوەی ناعەدالەتی و گەندەڵی و بەدیهێنانی دادپەروەری، "بزوتنەوەكە بەردەوامە لەسەر ڕێبازی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، بۆ پارێزگاریکردن لە بەها نیشتمانی و نەتەوەییەکان"

لەسەر ئاستی ناوخۆیی، هەمو هەوڵ و ئامادەکارییەک دەکرێت، کە کۆنفرانسی نیشتمانی و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان لەمساڵدا ئەنجامبدات

 

لە كۆتایی بەیاننامەكەدا، بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاندوە،"لەسەر ئاستی ناوخۆیی، هەمو هەوڵ و ئامادەکارییەک دەکرێت، کە کۆنفرانسی نیشتمانی و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان لەمساڵدا ئەنجامبدات.


ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌:

دە ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی 25ی تەموزی ساڵی 2009دا بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی نوێی مەدەنی، جەماوەری و چاکسازیخواز، بەشداریكرد لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا و بۆیەكەمجار لە مێژوی هەرێمدا توانی وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی گەورە بچێتە پەرلەمان و هاوكێشەی سیاسی هەرێمی کوردستانی بگۆڕی و وه‌رچه‌رخانێکی سیاسیی گه‌وره بو لە مێژوی خەباتی گەلی کوردستاندا، کە بۆیه‌که‌مجار هێزێکی مه‌ده‌نی، به‌دیدێکی ڕون ململانێی سیاسی بۆ چاکسازی  دەستپێکرد.

بزوتنەوەی گۆڕان، شێوازی کاری حزبایەتی و ململانێی چه‌کداری گۆڕی بۆ خه‌باتی مه‌ده‌نی و پەرلەمانی و مۆدێلێکی نوێی حزبایەتی داهێنا و هۆشیاری زۆری دروستکرد لەسەر دیدی هەموان، به‌ جۆرێک ئه‌و گه‌نده‌ڵی و نادادی و پێویستیی چاکسازییەی ئێستا لە هەمو ئاستەکاندا باسی لێوەدەکرێ، بەشی دیاری، بەرهەمی دەساڵی رابردوی خەباتی بزوتنەوەی گۆڕانە.

بزوتنەوەی گۆڕان پێیوایە، پرسی کەرکوک و دوز و خانەقین و شەنگال و هەمو ناوچە کێشەلەسەرەکان بەوە چارەسەر دەبن کە دۆخی سیاسی، کارگێڕی، ئەمنیی و سەربازیی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە، ئەمیشیان بە بەبێ گەڕانەوە بۆ دەستور و تێکگەیشتن و رێککەوتنی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی چارەسەر ناکرێ. هەروەها کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند لە خۆدزینەوە لەجێبەجێکردنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان (ماددەی ١٤٠، نەوت و غاز، پێشمەرگە و بودجە) بە دانوستان چارەسەربکرێن، چونکە کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان لە بارێکی ناسەقامگیردان، بەم بۆنەیەوە بزوتنەوەی گۆران، پێداگری لەسەر پەیامەکانی خۆی دەکاتەوە لەوەی کە پێویستە هەرچی زوە ململانێ ناوخۆییەکان بەلابنرێن و لە بەرژەوەندی ئەو ناوچانە هێزولایەنە سیاسییەکان لە ئاستی باڵادا کۆببنەوە و پلانی ستراتیژیی بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئەو ناوچانە و هاوڵاتییانی دابنێن، کە رەچاوی تایبەتمەندیی ناوچەکە بکات.

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، بزوتنەوەی گۆڕان، وێڕای دوپاتكردنەوەی پەیامی بەردەوامیدان بەخزمەتکردن بە خەڵکی کوردستان و درێژەدان بە خەباتی مەدەنی بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و ناعەدالەتی و بەدیهێنانی دادپەروەری و بونیادنانی حکومەتی هاوڵاتی و بەدامەزراوەییکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکان، بەردەوامە لەسەر ڕێبازی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، بۆ پارێزگاریکردن لە بەها نیشتمانی و نەتەوەییەکان.

ئێستاش، کە بزوتنەوەی گۆڕان یادی دە ساڵەی دامەزراندنی دەکاتەوە، هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەکە لەبەردەم قۆناغێکی نوێدان، دۆخی ناوچەکە و مەترسییەکانی هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان ئەمریکا و ئێران، کاریگەریی و لێکەوتەکانی لەسەر عێراق و هەرێم و ناوچەکە لە ڕوی مرۆیی، سیاسی، ئابوری دەبێت، گۆڕان لە دژی ئەوەیە قەیران و کێشەکان بە ڕێگای جەنگ و شەڕ چارەسەر بکرێن.

بەشداریی بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا و رابردو لە حکومەتدا، له‌ پێناوی چاکسازی و پرۆژەکانی چاکسازیدا بوە و دەبێت، ئێستا و داهاتوش بە هەمان مەبەست و بە هەمان گوڕ و تینی جارانەوە درێژە بە خەباتی مەدەنییانەی خۆی دەدات و روبەڕوی هەمو ئاستەنگ و بەربەستییەکان دەبێتەوە. لەسەر ئاستی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕانیش، هەمو هەوڵ ئامادەکارییەک دەکرێت، کە کۆنفرانسی نیشتمانی و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان لەمساڵ (٢٠١٩)دا ئەنجامبدات. 

بزوتنەوەی گۆڕان
25/07/2019


نیشانەکردن :

#گۆڕان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP