هەواڵی ئەمڕۆ

چۆنیەتی هەلبژاردنی سەرۆک وەزیران لەبریتانیا
بۆچی لەلایەن شاژنەوە رادەسپێردرێت؟

- 7/24/2019 11:03:00 PM 7000 جار خوێندراوەتەوە


خەندان-
لەبریتانیا بەشێوەیەکی ئاسایی و بەپێی دەستور سەرۆک وەزیران لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت و لەلایەن شاژنەوە رادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت شاژن دەسەڵاتی یەکەمی جێبەجێکردنە لەبریتانیادا هەیە.

رێورەسمی دیاریکردنی سەرۆک وەزیران لەناو پارتە سیاسییەکان
پۆستی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لەلایەن ئەو پارتە سیاسییەوە پڕدەکرێتەوە کە زۆرترین کورسی پەرلەمانی یان گەورەترین هاوپەیمانی پێکدەهێنێت، سەرۆک وەزیران دەبێت سەرۆکی پارتەکە بێت.
پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کە پێنج ساڵ جارێک ئەنجامدەدرێت، گەورەترین پارتی پەرلەمانی کۆبونەوەی ئاسایی خۆی دەکات بۆ دیاریکردنی سەرۆکی پارتەکەی کە لەهەمان کاتدا ئەندامی پەرلەمانی وڵاتەکەیە و پاش دیاریکردنی وەک سەرۆکی پارتەکە دەبێتە سەرۆک وەزیران.

پاش دیاریکردنی سەرۆکی پارتی براوەی هەڵبژاردنەکان، سەرۆکی نوێی پارتەکە دوانیوەڕۆی رۆژی داهاتوو سەردانی شاژن ئەلیزابێزی دوەم دەکات کە بەفەرمی بانگێشتی دەکات و رایدەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت.

پاش کۆبونەوەیەکی کورت لەگەڵ شاژن ، سەرۆک وەزیران و سکرتێرە تایبەتەکەی دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەی ( داونینگ ستریت) کە لەو شوێنەدا بەشێوەیەکی ئاسایی سەرۆک وەزیرە نوێیەکان وتارێک پێشکەشی گەلی بریتانیا و خەڵکی دەرەوەی خانوی ( ژمارە 10)دەکەن کە شوێنی نیشتەجێبونی تایبەتی سەرۆک وەزیرانە.

چۆنیەتی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی ماوە تەواوبو
لەهەمان رۆژی دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ، سەرۆک وەزیرانی کۆن کە دەڕوات لەپەرلەمان وتەیەک پێشکەش دەکات و دواین دانیشتنی پرسیارو وەڵامی سەرۆک وەزیران ئەنجامدەدات کە هەفتانە پێشکەش دەکرێت و ئەو دانیشتنە دەبێتە دواین دانیشتنی پرسیارئامێز بۆ سەرۆک وەزیران .

لەو دانیشتنەی پەرلەماندا بەشێوەیەکی ئاسایی سەرۆک وەزیرانی کۆن دواین مەوداکانی سیاسەتی خۆی روندەکاتەوە و سوپاسی پشتیوانان و هاوکارەکانی دەکات.

پاش ئەو دانیشتنە، سەرۆک وەزیران دەگەڕێتەوە بۆ کۆشکی (بەکینگهام) بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی فەرمی لەسەردەستی شاژندا دەستلەکاردەکێشێتەوە.
نەریتی سیاسی لەو وڵاتە بەوجۆرەیە سەرۆک وەزیرانی پێشوتر کەسێک پێشنیاردەکات بۆ شاژن کە وەک سەرۆک وەزیران خزمەتی ئەو وڵاتە بکات و جێگەی خۆی بگرێتەوە، شاژن یان پادشاش ئەو کەسە باتگێشتی کۆشکی شاهانە دەکات و رایدەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت.

بەشێوەیەکی ئاسایی، پاش بانگێشتکردنی و راسپاردنی لەلایەن شاژن-وە، سەرۆک وەزیرانی نوێ دەگەڕێتەوە (داونینگ ستریت) و وتەیەک پێشکەش دەکات کە بەزۆری دو خاڵی سەرەکی لەخۆدەگرێت، ئەوانیش: 
یەکەم، پلان و ستراتیژی سەرۆک وەزیرانی نوێ لەبارەی خزمەتگوزارییە مەدەنییەکان و کاری هاوڵاتیان پێشکەشدەکرێت.
دوەم، راسپاردە سەرەتاییەکانی حکومەت بەتایبەتی بۆ هێزە ژێردەرییایە بالیستیکییەکانی وڵاتەکەی کە چی بکەن ئەگەر بەچەکی ئەتۆمی هێرشکرایە سەر وڵاتەکەی.
هاوکات، لەهەفتەی یەکەمی دەتستبەکاربونیدا، سەرۆک وەزیرانی نوێ کاتی کۆبونەوە سیاسی و ئیدارییەکانی رێکدەخات و پاش گەڕانەوەی بۆ نوسینگەی تایبەتی خۆی دەستدەکات بەدەستنیشانکردنی کاراکتەرەکانی حکومەتەکەی و دیاریکردنی وەزیرەکانی کابینە نوێیەکە.

بۆچی سەرۆک وەزیران لەلایەن شاژن رادەسپێردرێت؟
بەپێی دەستوری بریتانیا شاژن دەسەڵاتی یەکەمی جێبەجێکردنی لەو وڵاتەدا هەیە و خاوەنی تەواوی سامانی نیشتیمانی وڵاتەکەیە، تەنانەت لەناسنامەو رگەزنامەی هاوڵتیانیشدا ئاماژە بەوتەی شاژن دەکرێت و بەناوی ئەوەوە هاوڵاتیان مافی هاوڵاتیبونیان پێدەدرێت. ئەوەش وایکردوە کە شاژن بەشێوەیەکی فەرمی سەرۆک وەزیران دەستنیشان بکات و هەرخۆشی مافی دورخستنەوەی دەبێت.

 رۆلی شاژن لەحکومەتی بریتانیادا
لەبارەی پرسە سیاسییەکانەوە، سەرۆکی دەوڵەت کە شاژنە، بێلایەن دەبێت، لەبەر ئەوەشە کەمافی بەشداریکردنی لەهەڵبژاردنەکاندا نیە. پەیوەندیدار بەئەرکەکانی حکومەت، شاژن تەنها رۆڵی تەشریفاتی و فەرمی هەیە.

لەڕوانگەی پەرلەمانیشەوە، کە بە ( شاژنی پەرلەمان ) دەناسرێت و وەک خاوەن دەسەڵاتی دادوەری بریتانیا پێتاسەدەکرێت کە سەروەری خاکی وڵاتەکەی دەپارێزێت.

ئەرکە فەرمییەکانی شاژن لەپەرلەمانی بریتانیا ئەوەیە کە بەشێوەیەکی فەرمی هەمو دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێدەکات و کلیلی کردنەوەی ئەو دانیشتنانە لای ئەون.

رەزامەندی شاژن دەداتە فەرمانە دادوەرییەکان و لەرێگای ئەنجومەنی تایبەتی شاهانەشەوە فەرمان و راسپاردەکان پەسەند دەکات.

بەشێوەیەکی ئاسایی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سەرۆک وەزیران هەیە و دیدارو کۆبونەوەی ئاسایی دیاریکراویان لەگەڵدا ئەنجامدەدات.

جگەلە رۆڵی تایبەتی و دیاریکراوی لەپەرلەمانی شانشینی یەکگرتو کە لەلەندەن دادەنیشێت، هاوکات شاژن پەیوەندی راستەوخۆ و جدی لەگەل پەرلەمانەکانی سکۆتلەندا و وێڵز و ئایرلەندای باکوردا هەیە.

تاساڵی 2011ش شاژن دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هەبو، دواتر بەیاسایەک ئەو مافەی لێسەنرایەوە و لەئێستادا بەرەزامەندی دو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان خودی پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە.

نیشانەکردن :

#به‌ریتانیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP