چارەنوسی گۆڕان لەسۆنگەی ململانێی دو ئاڕاستەی جیاوازدا

- 7/24/2019 8:31:00 PM 15980 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- بڕیار جەلال

ئەمڕۆ لە کۆبونەوەى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان بڕیاردرا 14ی ئەیلولى داهاتو هەڵبژاردنى خانەى راپەڕاندن و رێكخەری گشتی ئەنجامبدرێت و دواتر كۆنفرانسی نیشتیمانی ببەسترێت، هەڵسوڕاوێكی ناڕازی دیاری بزوتنەوەكە دەڵێت،"ئەو نەخۆشیەی گۆڕان توشی بوە تەنها بە چارەسەرکردنی کێشەی تەوریسی سیاسی دەتوانێت دەرگا بۆ ئاشتەوایی سیاسی ناو بزوتنەوەکە بکاتەوە. لەبەرامبەردا ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی رایدەگەیەنێت، "ئێمەش حزبێکین لەم کوردستانە، حزب هەیە 15 بۆ 20 ساڵە کۆنگرەی نەکردوە، نەبای دیوە نا باران". لای خۆیەوە عەبدوڵای كوێخا موبارەك دەڵێت، موڵك و دارایی و میدیای گۆڕان دەستی بەسەردا گیراوە.

لە کۆبونەوەى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان بڕیاردرا 14ی ئەیلولى داهاتو هەڵبژاردنى خانەى راپەڕاندن و رێكخەری گشتی ئەنجامبدرێت

 

بەپێی دەستوری گۆڕان 25ی ئەم مانگە دەسەڵاتی خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی كۆتاییان دەهات، بەڵام ئەمڕۆ لە کۆبونەوەى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان بڕیاردرا 14ی ئەیلولى داهاتو هەڵبژاردنى خانەى راپەڕاندن و رێكخەری گشتی ئەنجامبدرێت و تا ئەو كاتەش ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێكخەر بەردەوام دەبن لە كارەكانیان.

کێشەی جەوهەری و راستەقینەی گۆران کێشەی تەوریسی سیاسییە، کە بەشێکی پەیوەندی بە موڵک و ماڵی بزوتنەوەکەوە هەیە

 

یەكێك لە هەڵسوڕاوە دیارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەندامی پێشوتری پەرلەمانی كوردستان كە ئێستا لەگەڵ ئاراستەی ناڕازییە، دەڵێت، کێشەی جەوهەری و راستەقینەی گۆران کێشەی تەوریسی سیاسییە، کە بەشێکی پەیوەندی بە موڵک و ماڵی بزوتنەوەکەوە هەیە، چۆنیەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەم موڵک و ماڵە، چی گردەکە چی سەرچاوەی دارایی کە خۆی لە کارگەی چیمەنتۆ و ئەوانە دەبینێتەوە.

گۆڕان بۆ ئەوە دروست بوە کە هەمیشە جیاوازبێت لە حزبەکانی دیکە، بەتایبەت حزبەکانی دەسەلات، جیاواز بێت لەو پرنسیپانەی کە حزبەکانی دەسەلاتی لەسەر بنیادنراوە، بۆ ئەلتەرناتیڤێکی سیاسی راستەقینە دروست بوە

 

ئومێد حەمە عەلی، هەڵسوڕاوی ناڕازی دیاری گۆڕان لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ خەندان رایگەیاند،"گۆڕان بۆ ئەوە دروست بوە کە هەمیشە جیاوازبێت لە حزبەکانی دیکە، بەتایبەت حزبەکانی دەسەلات، جیاواز بێت لەو پرنسیپانەی کە حزبەکانی دەسەلاتی لەسەر بنیادنراوە، بۆ ئەلتەرناتیڤێکی سیاسی راستەقینە دروست بوە، بیرکردنەوەی کاک نەوشیروان و ئەو بیروباوەڕەی گۆڕانی لەسەر دروست بوە رێگە بەوە نادات کە بەو شکلە و بەو فۆرمە سیاسەت بکات کە بەداخەوە لەماوەی دو ساڵی رابردو تا ئێستا سیاسەتی كردوە و هەڵوێست وەردەگرێت هەنگاوە ناوخۆییەکانیشی پێچەوانەی ئەو پرنسیپانەن".

چۆنیەتی مامەڵەکردنه لەگەڵ ئەم موڵک و ماڵە، چی گردەکە چی سەرچاوەی دارایی کە خۆی لە کارگەی چیمەنتۆ و ئەوانە دەبینێتەوە چی ئەوەی پەیوەندی بە میدیای بزوتنەوەکەوە هەیە

 

ئەو هەڵسوڕاوە ناڕازییە دەڵێت،"کێشەکانی گۆڕان دەکرێت پۆلێن بکرێ، کێشەی جەوهەری و راستەقینەی گۆران کێشەی تەوریسی سیاسییە، کە بەشێکی پەیوەندی بە موڵک و ماڵی بزوتنەوەکەوە هەیە، چۆنیەتی مامەڵەکردنه لەگەڵ ئەم موڵک و ماڵە، چی گردەکە چی سەرچاوەی دارایی کە خۆی لە کارگەی چیمەنتۆ و ئەوانە دەبینێتەوە چی ئەوەی پەیوەندی بە میدیای بزوتنەوەکەوە هەیە،  کە ئەمانە کێشەی تەوریسی سیاسی بزوتنەوەکەن و پێچەوانەی ئەو پرنسیپانەیە کە گۆڕان لەپێناوی دامەزراوە".

ئەو نەخۆشیەی گۆڕان توشی بوە تەنها بە چارەسەرکردنی کێشەی تەوریسی سیاسی دەتوانێت دەرگا بۆ ئاشتەوایی سیاسی ناو بزوتنەوەکە بكاتەوە، بۆ گێڕانەوەی متمانە بە بزوتنەوەکە بکاتەوە

 

ئومێد حەمە عەلی وتیشی،"بەبێ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، هەر هەوڵێک ناتوانێت گۆڕان بگەڕێنێتەوە سەردەمی زێڕینی بزوتنەوەکە، ئێمە کۆمەڵە هاوڕێ ناڕازییەکەی گۆڕان پێمانوایە ئەو نەخۆشیەی گۆڕان توشی بوە تەنها بە چارەسەرکردنی کێشەی تەوریسی سیاسی دەتوانێت دەرگا بۆ ئاشتەوایی سیاسی ناو بزوتنەوەکە بكاتەوە، بۆ گێڕانەوەی متمانە بە بزوتنەوەکە بکاتەوە، بۆ هێنانەوە ئارای کۆی ئەو توانا مرۆیی و سیاسیانەی کە ئێستا هەر یەکەو بەجۆرێک لە بزوتنەوەکە دورکەوتونەتەوە، لەسەرو ئەمانەوە بۆ گێڕانەوەی گۆڕان بۆ سەر ناسنامە ئەسڵییەکەی خۆی، ئێمە لە کوردستان سیستمی بنەماڵەییمان هەیە،  گۆڕان لەپێناوی پێشکەشکردنی ئەلتەرناتیڤی جیاواز هاتۆتە کاتەوە دەبێ سیستمی بنەماڵەیی بەتەواوی بنبڕ بکات، بەبێ ئەمانە هەر هەنگاونانێک شکستخواردو دەبێت".

ئەوانەی ناڕازین هەیانە لە دڵسۆزیان رەخنەدەگرن، هەشیانە پشکی ژێربەژێری هەیە و هەشیانە حزبی دیکە دەیجوڵێنێت

 

ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، "ئێمەش حزبێکین لەم کوردستانە، حزب هەیە 15 بۆ 20 ساڵە کۆنگرەی نەکردوە، نەبای دیوە نا باران"، دەشڵێت،"ئەوانەشی ناڕازین هەیانە لە دڵسۆزیان رەخنەدەگرن، هەشیانە پشکی ژێربەژێری هەیە و هەشیانە حزبی دیکە دەیجوڵێنێت".

ئێمەش حزبێکین لەم کوردستانە، حزب هەیە ١٥ بۆ ٢٠ ساڵە کۆنگرەی نەکردوە، نەبای دیوە نا باران، ئێمەش لەم دۆخە دەژین، ئەوە راست نییە

 

چالاکی موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ خەندان رایگەیاند،"ئێمەش حزبێکین لەم کوردستانە، حزب هەیە ١٥ بۆ ٢٠ ساڵە کۆنگرەی نەکردوە، نەبای دیوە نا باران، ئێمەش لەم دۆخە دەژین، ئەوە راست نییە، راستە خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی ٢٥ ی ٧ دوساڵ بەسەر وادەکەیان تێدەپەڕێت و دەبێت هەڵبژاردن بکرێتەوە". 

ئێمە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی خۆرێکخستنەوەین، دەمانەوێت کۆنفرانسی نیشییمانی ببەستین و دەستورێکی نوێ بۆ گۆڕان دابنێین و پەیڕەوێکی نوێی ئەپدەیت کراو لەژێر رۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە نوێیانەی کە بڕیارە بزوتنەوەکە بیدات دابنێین

 

چالاکی موهەندیس راشیگەیاند، ئێمە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی خۆرێکخستنەوەین، دەمانەوێت کۆنفرانسی نیشییمانی ببەستین و دەستورێکی نوێ بۆ گۆڕان دابنێین و پەیڕەوێکی نوێی ئەپدەیت کراو لەژێر رۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە نوێیانەی کە بڕیارە بزوتنەوەکە بیدات دابنێین، پاشان هەڵبژاردنەکانی ناوخۆ ئەنجام دەدەین و هەمو دەزگاو ئۆرگانەکانی گۆڕان بە خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتیشەوە نوێ دەکەینەوە، کە ئەو بڕیارانەش لە کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بڕیاری لەسەر دەدرێت".

بەشێك لەو ئەندامە ناڕازیانەی گۆڕان رەخنەی ئەوە دەگرن كە بزوتنەوەكەیان بە هەمان شێوەی یەكێتی و پارتی ئێستا بۆتە حزبێكی بنەماڵەیی و پێچەوانە ئەو پرنسیپە گشتیانەیە كە لەسەرەتادا بزوتنەوەكەی لەسەر دروست بوە.

دژی بەخێزانیکردنی حزبین، لای ئێمە حزب موڵکی گشتیە، نابێت بنەماڵە خاوەندارێتی بکات، کە تۆ خاوەندارێتی شوێنی بزوتنەوەکەو میدیاکەی و داراییەکەی بکەیت، کە ئەمانەت بە دەستەوە گرت، تەواوی بڕیاری سیاسی بزوتنەوەکە بەدەستەوە دەگریت

 

ئومێد حەمە عەلی بۆ خەندان وتیشی، ئێمە دژی بەخێزانیکردنی حزبین، لای ئێمە حزب موڵکی گشتیە، نابێت بنەماڵە خاوەندارێتی بکات، کە تۆ خاوەندارێتی شوێنی بزوتنەوەکەو میدیاکەی و داراییەکەی بکەیت، کە ئەمانەت بە دەستەوە گرت، تەواوی بڕیاری سیاسی بزوتنەوەکە بەدەستەوە دەگریت، جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی دروستکەری بڕیارن، بەڵام گۆڕان لەوە دەرچوە بڕیاری ئۆرگانی بدات، گۆڕان ئێستا دامەزراوەکانی هێزو وزەو توانای خۆیان لەدەستداوە، وە ئێیستا کە لە 25 ی 7 نزیکبوینەتەوە، گۆڕان هەڵبژاردنی ناوخۆیی ئەنجام نادات و کۆی دامەزراوەکانی لەروی دەستورییەوە بەسەردەچێت".

بڕیارەکانی بەشداری گۆڕان لە حکومەت و وەزیرەکان و لیژنەکان، هەنگاوی کەسی و گروپ و تاقمی جیاوازن و بەشێکیان ئەوانەن کە لەدەوری کوڕەکانی کاک نەوشیروان کۆبونەتەوە، بەشێکی دیکەشیان لە دەوری خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی کۆبونەتەوە

 

ئەو هەڵسوڕاوە ناڕازییە دیارەی گۆڕان دەڵێت،"تەنانەت بڕیارەکانی بەشداری گۆڕان لە حکومەت و وەزیرەکان و لیژنەکان، هەنگاوی کەسی و گروپ و تاقمی جیاوازن و بەشێکیان ئەوانەن کە لەدەوری کوڕەکانی کاک نەوشیروان کۆبونەتەوە، بەشێکی دیکەشیان لە دەوری خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی کۆبونەتەوە، ئەمەش بریتییە لە جەوهەری ئەو گۆڕانەی کە ئێستا هەیە".

دەبێت لیستێکی دەنگدەرانی رێک و پێک و پاک دیاریی بکرێت لە رێگەی لیژنەیەکەوە کە سەدا 50ی لە ئەندامە نارازییەکانی گۆڕان بن، وە دەبێت لیژنەیەکی باڵا پێکبهێنرێت کە دەبێت 50%ی ئەندامە نارازییەکانی گۆڕان بێت

 

ئومێد حەمەعەلی بۆ چارەسەری كێشەكانی گۆڕان رایگەیاند،"دەبێت هەنگاوی خیرا بنرێت بۆ گێڕانەوەی دارایی گۆڕان بە پێی دەستورو یاسای ناوخۆی بزوتنەوەکە، بەشی زۆری ناڕەزاییەکانی گۆڕان لەسەر بڕیارەکانی خانەی راپەڕاندن نین، بەڵکو گرفتەکە بەبنەماڵەییکردنی بڕیارەکانی بزوتنەوەکەیە، هەروەها دەبێت بەزوترین کات کۆنفرانسی نیشتیمانی گۆڕان ببەسترێت و ماوەیەکی دیارییکراوی بۆ دابنێرت کە لەمانگێک زیاتر نەبێت، پاشان بڕیار لە هەڵبژاردنی دامەزراوەکانی گۆڕان و مەکۆکان بدرێت، وەدەبێت لیستێکی دەنگدەرانی رێک و پێک و پاک دیاریی بکرێت لە رێگەی لیژنەیەکەوە کە سەدا 50ی لە ئەندامە نارازییەکانی گۆڕان بن، وە دەبێت لیژنەیەکی باڵا پێکبهێنرێت کە دەبێت 50%ی ئەندامە نارازییەکانی گۆڕان بێت، ئەو لیژنەیە سەرپەرشتی کۆی پرۆسەی کۆنفرانس و هەڵبژاردنەکان بکات، بەم شێوەیە دەتوانین هەلبژاردنێکی پاک و سازگار بۆ جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتیمانی و رێکخەرێکی تازە ئەنجام بدەین، بەم شێوەیە گۆڕان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی زێڕینی خۆی.

ئەوەی ئامادەبێت لەناو گۆڕان خزمەت بکات ئێمە پشتگیری لێ دەکەین و گۆڕان ماڵی هەمو گۆڕانخوازێکی دڵسۆزە

 

لەبەرامبەردا چالاكی موهەندیس لەبارەی بەبنەماڵەیی کردنی بزوتنەوەی گۆڕان وەک دەنگە ناڕازییەکانی ناو بزوتنەوەکە وا دەڵێن وتی، "ئەوە بۆچونی خۆیانە، من ڕێزی زۆرم هەیە بۆ هەر کەسێک کە رۆژێک لە رۆژان خزمەتی گۆڕانی کردبێت، بەڵام من ئەو خەلکانە پۆلێن دەکەم، هەیانە لە دڵسۆزیان رەخنەدەگرن، هەشیانە پشکی ژێربەژێری هەیە و هەشیانە حزبی دیکە دەیجوڵێنێت، ئێمە لەگەڵ خەڵکە دڵسۆزەکان گفتوگۆ دەکەین، ئەوەی ئامادەبێت لەناو گۆڕان خزمەت بکات ئێمە پشتگیری لێ دەکەین و گۆڕان ماڵی هەمو گۆڕانخوازێکی دڵسۆزە".

هیچ شتێکی فەرمی نیە بیسەلمێنێت کە داهاتی میدیای بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن کوڕەکانی نەوشیروان مستەفاوە دابین دەکرێت، گۆڕان تاکو ئێستا لەسەر قەرز و قۆڵ و سەدەقە بەڕێوە چوە

 

لەبارەی دابینکردنی پارەی میدیای گۆڕان و دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاوە، چالاکی موهەندیس رایگەیاند، "هیچ شتێکی فەرمی نیە بیسەلمێنێت کە داهاتی میدیای بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن کوڕەکانی نەوشیروان مستەفاوە دابین دەکرێت، گۆڕان تاکو ئێستا لەسەر قەرز و قۆڵ و سەدەقە بەڕێوە چوە، ئەو پارەیەی کە بڕیاربو لە بودجەی حزبەکان لە ساڵانی رابردو مسادەقەی لەسەرکرا پێموایە گۆڕان هیچی وەرنەگرت، پاشان کێشەی نێوان گۆڕان و پارتی دروست بو، بەیەکێتی و پارتی سیاسەتی برسیکردنی گۆڕانیان گرتە بەر، گۆڕان بە بەخشینی خەڵکی دلسۆزی ئەم ولاتە بەڕێوەچوە".

ئێمەش لەم وڵاتە دەژین کە وڵاتی قەزاو قەدەرە، بەلام ئێمە بەهەمو شێوەیەک هەوڵ دەدەین لە کورترین ماوە خۆمان رێکبخەینەوە، کۆنفرانسی نیشتیمانی ببەستین

 

لەبارەی ئەوەی ئەگەر لەماوەیەکی نزیکدا گۆڕان نەیتوانی هەڵبژاردنێکی نوێ بکات لەناو ئۆرگانەکانیدا هەڵوێستتان چی دەبێت؟ چالاکی موهەندیس رایگەیاند، وەک پێشتریش وتم ئێمەش لەم وڵاتە دەژین کە وڵاتی قەزاو قەدەرە، بەلام ئێمە بەهەمو شێوەیەک هەوڵ دەدەین لە کورترین ماوە خۆمان رێکبخەینەوە، کۆنفرانسی نیشتیمانی ببەستین. لەم وڵاتە دەژین وابزانم ئاخیری دونیا نیە ئەگەر ماوەیەک لە ماوە یاساییەکەی خۆمان تێپەڕین".

کارەکتەرەکانی ناو گۆڕان لەسەر پلەو پۆست و پارە دژایەتی یەکتر ناکەن

 

چالاكی موهەندیس وتیشی،"کارەکتەرەکانی ناو گۆڕان لەسەر پلەو پۆست و پارە دژایەتی یەکتر ناکەن، ئەگەر بیرورای جیاوازیش هەبێت لەسەر بەرژەوەندی گشتی و نیشتیمانی و ئیداریی گۆڕان، ئەو را جیاوازانەش دەتوانین لەناو کۆنفرانسی نیشتیمانی کۆبکەینەوە".

كێشە سەرەكییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بریتییە لە گەڕانەوەی دارایی و میدیا و ئەو شتانە كە دەستی بەسەردا گیراوە، ئەوەش نە لەكۆنفرانس و نەلەتەوەردایە و نەباس دەكرێت

 

لای خۆشیەوە عەبدوڵای کوێخا موبارەک یەكێك لە سەركردە دیارەی ناڕازییەكانی گۆڕان لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ خەندان رایگەیاند،"كێشە سەرەكییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بریتییە لە گەڕانەوەی دارایی و میدیا و ئەو شتانە كە دەستی بەسەردا گیراوە، ئەوەش نە لەكۆنفرانس و نەلەتەوەردایە و نەباس دەكرێت، بۆیە ئومێدم بە چاككردنی نییە".

ئێستا نائومێد بوین، چونكە چاككردن لە موڵك و دارایی و میدیادا دەكرێت كە ئێستا دەستی بەسەردا گیراوە

 

عەبدوڵای کوێخا موبارەک وتیشی،"گۆڕان هەتاكو ئێستا دەسەڵاتی نەبوە تاكو قسە لەسەر گەندەڵی و زوڵم و زۆری بكەین، لەروی چاككردنی گۆڕانەوە تاكو ئێستا قسەمان هەبوە، بەڵام ئێستا نائومێد بوین، چونكە چاككردن لە موڵك و دارایی و میدیادا دەكرێت كە ئێستا دەستی بەسەردا گیراوە، ئەوەش لە تەوەردا نیەو باس ناكرێت و بەهەڵبژاردنی ناوخۆ و كۆنفرانس چارەسەر ناكرێت".

وتیشی،" من ئێستا هیچ نیم لەناو گۆڕاندا".

لەماوەی رابردودا بەشێك لە سەركردە ناڕازییەكانی گۆڕان چەندین كۆبونەوەیان ئەنجامداوە، تەنانەت گفتوگۆ لەسەر دروستكردنی حزبێكی نوێش كراوە

 

خەندان زانیویەتی كە لەماوەی رابردودا بەشێك لە سەركردە ناڕازییەكانی گۆڕان چەندین كۆبونەوەیان ئەنجامداوە، تەنانەت گفتوگۆ لەسەر دروستكردنی حزبێكی نوێش كراوە، لەو كەسە دیارانەشی كە خەندان توانیویەتی ناوەكانیان بەدەستبهێنێت كە بەشداری كۆبونەوەكانیان كردوە هەریەك لە (قادری حاجی عەلی، عوسمانی حاجی مەحمود، عەبدوڵای كوێخا موبارەك، ئومێد حەمە عەلی، عەبدوڵای مەلا نوری، كاوە محەمەد، غالب محەمەد).

خەڵک زۆر نائومێد بوە، ئەو حزبانەی لە دەسەلات بون بۆ ماوەیەکی درێژە بە قوڵی بە رەگ و ریشەی ئینسانی ئێمەدا چونەتە خوارەوە بۆ نائومێدکردن

 

لەبارەی دروستکردنی حزبی نوێوە، ئومێد حەمە عەلی رایگەیاند، "هێشتا زۆر زوە بۆ هەنگاونانن بەرەو دروستکردنی حزبێکی دیکە، چونکە خەڵک زۆر نائومێد بوە، ئەو حزبانەی لە دەسەلات بون بۆ ماوەیەکی درێژە بە قوڵی بە رەگ و ریشەی ئینسانی ئێمەدا چونەتە خوارەوە بۆ نائومێدکردن".

ئێمە ژمارەیەکی زۆرین کۆبونەوەمان کردوە دانیشتنمان کردوە، گفتوگۆی سیاسی و فکریمان کردوە دەربارەی کێشەکانی کۆمەڵگەی ئێمە و نائومێدییەکان، بۆ ئەوەی بزانین پێویستە چی بکرێت

 

سەبارەت بە کۆبونەوەی دەنگە ناڕازییەکان بۆ دروستکرنی حزبی نوێ لە ماوەی رابردودا وتی، "ئەو قسانە ئەسڵ و ئەساسی نیە، بەڵام ئێمە ژمارەیەکی زۆرین کۆبونەوەمان کردوە دانیشتنمان کردوە، گفتوگۆی سیاسی و فکریمان کردوە دەربارەی کێشەکانی کۆمەڵگەی ئێمە و نائومێدییەکان، بۆ ئەوەی بزانین پێویستە چی بکرێت ئەگینا بۆ دامەزراندنی حزب لە ئێستادا هیچ بڕیارێکمان نییە چونکە دۆخی ئێستای کوردستان بەرگەی دروستکردنی حزبی دیکە ناگرێت".

ئەو سەركردە و هەڵسوڕاوە ناڕازیانەی لە ئێستادا لە بزوتنەوەكە دوركەوتونەتەوە، هێندەی ژمارەی ئەوانەیە كە لەئێستادا بە كردەیی بزوتنەوەكە بەڕێوەدەبەن، ئەمەش ئەو پرسیارە دێنێتە گۆڕێ كە ئایا چارەنوسی گۆڕان لەسۆنگەی ململانێی دو ئاڕاستەی جیاوازدا دەگاتە كوێ؟

 

دوای 10 ساڵ لە دامەزراندنی، دۆخی ئەمڕۆی بزوتنەوەی گۆڕان بە جۆرێكە دەكرێ بڵێین، ئەو سەركردە و هەڵسوڕاوە ناڕازیانەی لە ئێستادا لە بزوتنەوەكە دوركەوتونەتەوە، هێندەی ژمارەی ئەوانەیە كە لەئێستادا بە كردەیی بزوتنەوەكە بەڕێوەدەبەن، ئەمەش ئەو پرسیارە دێنێتە گۆڕێ كە ئایا چارەنوسی گۆڕان لەسۆنگەی ململانێی دو ئاڕاستەی جیاوازدا دەگاتە كوێ؟ ئایا ئەندامە ناڕازییەكان حزبێكی دیكە دروست دەكەن یاخود دەگەڕێنەوە و كۆنفرانسی ئاشتەوایی بزوتنەوەی گۆڕان دەبەسترێت و پێكەوە بزوتنەوەكە دەكەنەوە ئەو بزوتنەوەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا دروستی كرد، لە ماوەی شەش مانگی داهاتودا رەنگە وەڵامی ئەو پرسیارە دەست خوێنەرانی ئەم راپۆرتە و هەڵسوراوانی بزوتنەوەكە بدرێتەوە.

 


نیشانەکردن :

#گۆڕان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP