بەپەلە

بە ڤیدیۆ.. دوای ئەوەی سەیری ژنێکی دیکەی کرد، لاپتۆپێک لە سەریدا دەشکێندرێت

- 7/24/2019 7:30:00 PM 95372 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەهۆی ئەوەی سەیری ژنێکی دیکەی کردوە، خانمێک لەناو فڕۆکەیەکی گەشتیاریدا وشەی نەگونجاو بەرامبەر هاوڕێ کوڕەکەی بەکاردەهێنێت و پاش ئەوەی کوڕەکە دەیەوێت ئەو شوێنە بەجێبهێڵێت لاپتۆپێک دەکێشێت بە سەریدا.

لە سەرەتای ئەو گرتە ڤیدیۆییەدا کە دوێنی دوشەممە بڵاوکراوەتەوە دەردەکەوێت، خانمەکە بە زمانێکی زبر و نەگونجاو هاوار بەسەر هاوڕێ کوڕەکەیدا دەکات، وردە وردە دەنگی بەرزتردەکاتەوە و سەرجەم سەرنشینانی ناو فڕۆکەکەش تەواوی سەرنجیان لەسەر مشتومڕی ئەو دو گەنجەیە.

بەهۆی زبری و نەگونجاوی ئەو وشانەی کە خانمەکە بەکاریاندەهێنێت، سەرنشینەکان و کارمەندانی ناو فڕۆکەکە داوای لێدەکەن ئارامبێتەوە، تەنانەت یەکێک لە سەرنشینەکان دەڵێت "نامەوێت منداڵەکەم ئەو دیمەنە ببینێت"، بەڵام ئەو خانمە بەردەوامدەبێت و بە شێوەیەکی ناشیرین وەڵامی دەداتەوە.

پاش ئەوەی ئەو خانمە چەند خولەکێک بی وەستان بەردەوامدەبێت لە بەکارهێنانی وشەی ناپەسەند، هاوڕێ کوڕەکەی هەڵدەسێت ئەو شوێنە جێبهێڵێت و دەڵێت "هێرشدەکەیتە سەر من"، ئەو خانمە لەناوەڕاستی فڕۆکەکەدا لاپتۆپێک دەکێشێت بە سەریدا.

دواتر دەستبەجێ، یەکێک لە کارمەندانی فڕۆکەکە بەو خانمە رادەگەیەنێت، بەهۆی هێرشکردنەسەر کەسێک دەستبەسەردەکرێت، ئەو خانمەش لەکاتێکدا جانتاکانی هەڵدەگرێت تا لە فڕۆکەکە بچێتەدەرەوە دەڵێت "هەرچۆنێک بێت".

 


نیشانەکردن :

#جۆراوجۆر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP