بکوژی رۆبێرت کەنەدی زیاتر لە 50 ساڵە لەزیندانەکانی ئەمریکادایە

- 7/24/2019 5:38:00 PM 11832 جار خوێندراوەتەوە


خەندان-
پەنجاو یەک ساڵ بەرلەئێستا و لە5ی تەموزی ساڵی 1968دا کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمریکا و برای بچوکی جۆن کەنەدی سی و پێنجەمین سەرۆکی ئەمریکا، رۆبێرت کەنەدی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا  تیرۆرکراو تا ئێستا تۆمەتباری سەرەکی کەیسەکەی لەزینداندایە.

سەرحان بەشار سەرحان پەنابەرێکی بەرەگەز ئوردونی بو کەلە فەلەستینەوە کۆچیکردبو بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەهۆتێل (ئەمباسدەر) لەشاری لۆس ئەنجلۆسی کالیفۆرنیا، کاتژمێر 12و چارەکی سەرلەبەیانی 5ی تەموزی ساڵی 1968 تەقەی لەرۆبێرت کەنەدی سیناتۆری ویلایەتی نیۆرک کرد و بەسەختی برینداری کرد.

هەمان شەوی روداوەکە کاتژمێر 2 رۆبێرت کەنەدی گیانی لەدەستدا و سەرحانیش لەلایەن ژمارەیەک نوسەر و یارزانی بەناوبانگەوە کە ئامادەی ئەو کامپینی هەڵبژاردنەبون دەستگیرکرا و رەوانەی زیندان کرا.

کەنەدی لەو روداوەدا بەسێ گولە پێکرابو کە یەکێکیان لەسەری و دوانەکەی دیکەیان لەپشتی دابو، گولەی چوارەمیش بەر چاکەتەکەی کەوتبو. 

پێنج کەسی دیکە لەو روداوەدا پێکران کە دواتر هەر پێنجەکەیان تەدروستیان جێگیربو گەڕانەوە سەرکاری خۆیان.

سەرحان لەساڵی 1944 و لەشاری قودسی فەلەستین لەدایکبوە و لەکاتی لێکۆڵینەوەکانیدا رایگەیاندوە تەنها شتێک کە وایلێکردوە ئەو کارە بکات ئەوەبوە کە کەنەدی پشتیوانی زۆری ئیسرائیلی کردوە و بەمەبەست هەوڵی ناردنی 50 فرۆکەی جەنگی بۆ ئیسرائیل داوە کە بەهۆیانەوە هاوڵاتیانی فەلەستینی بۆردومان دەکران.

سەرحان سەرەتا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا، بەڵام دواتر سزاکەی گۆڕا بۆ زیندانی هەتاهەتایی.

لەساڵی 2018دا و لەچاوپێکەوتنێکی لەگەڵ (واشنتن پۆست)، رۆبێرت کەنەدی نەوەی رۆبێرت کەنەدی تیرۆرکراو ئاماژەی بەوەکردوە کە سەردانی زیندانی (ریچارد دۆنۆڤان)ی کردوە و چاوی بەسەرحان کەوتوە، دوای باسکردنی وردەکاری روداوەکە گەشتونەتە ئەو باوەڕەی کە جگەلە سەرحان کەسێکی دیکەش بەشداری تاوانی کوشتنی رۆبێرت کەنەدی کردوە، لەبەرئەوە لەئێستادا خێزانەکەی داوای لێکۆڵینەوەی نوێ لە روداوەکە دەکەن و دەیانەوێت لەسەر بنەمای زانیاری نوێ جارێکی دیکە بەدواداچون بۆ کەیسەکە بکرێت. 
تا ئێستاش ناوبەناو سەرحان لێکۆڵینەوەی لەگەڵدادەکرێت و بەمدواییانە وتویەتی کە روداوەکەی بیرنەماوە و ناتوانێت چۆنیەتی روداوەکە باسبکات. 

لێکۆڵەرانی ئەو تاوانە پێیانوایە ئەوە یەکەمین تاوانی کوشتنی سەرکردەکانی ئەمریکایە لەناو ئەو وڵاتەدا کە پەیوەندی بەکێشەی ئیسرائیل-فەلەستینەوە هەبێت.

نیشانەکردن :

#ئەمریکا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP