بۆ یەكمجار.. پاكستان یەكەمین هەنگاوی دۆزینەوەی بنلادن ئاشكرادەكات

- 7/23/2019 3:50:00 PM 12217 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆك وەزیرانی پاكستان رایگەیاند، دەزگای زانیاری پاكستان كۆمەڵێك زانیاری سەبارەت بە  بنلادن داوەتە دەزگای زانیاری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا (سی ئای ئەی)، بەوهۆیەوە توانیویانە بەرپرسی رێكخراوی ئەلقاعیدە بدۆزنەوە و دواتریش بیكوژن.

بەهۆی زانیاریەكانی پاكستانەوە ئەمریكا بنلادنی دۆزیوەتەوە


عمران خان، سەرۆك وەزیرانی پاكستان دوێنی دوشەممە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ فۆكس نیوز-ی ئەمریكیدا ئەنجامدا و تێیدا رایگەیاند "دەزگای زانیاری پاكستان لەبارەی دەستگیركردنی ئوسامە بنلادن، سەرۆكی پێشوی رێكخراوی ئەلقاعیدە داوەتە دەزگای زانیاری ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا، بەهۆی ئەو زانیاریانەوە توانیویانە بنلادن بدۆزنەوە و دواتر بیكوژن".

لەڕێگەی داتا و زانیاری تەلەفۆنیەوە توانیویانە پێگەكەی ئاشكرابكەن


سەرۆك وەزیرانی پاكستان ئاماژەی بەوەكرد "لەرێگەی داتا و زانیاری تەلەفۆنیەوە توانیویانە پێگەی مانەوەی بنلادن دەستنیشان بكەن"، وتیشی "ئەگەر لە دەزگای زانیاری ویلایەتە یەكگرتوەكان بپرسیت، دەڵێن دەزگای زانیاری پاكستانی بو كە زانیاری لەبارەی شوێنی مانەوەی بنلادن داوەتە ئەوان".

بۆ یەكەمینجارە پاكستان لەوبارەیەوە بدوێت


ئەوە بۆ یەكەمینجارە بەرپرسانی پاكستان لەبارەی ئوسامە بنلادن و پرۆسەی دۆزینەوە و كوشتنیەوە زانیاری بخەنەڕو، لەكاتێكدا بنلادن لە لە ناوچەكانی سەر بەو وڵاتە دەژیا و ویلایەتە یەكگرتوەكانیش بەدوایدا دەگەڕا تا ساڵی 2011 لە لایەن هێزێكی تایبەتی ئەمریكیەوە لە مالەكەی خۆیدا كوژرا.

 رێكەوتی 2ی ئایاری ساڵی 2011، هێزێكی تایبەت سەر بە هێزە سەربازیەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە ناوچەی ئابوت ئاباد كە نزیكەی 100 كیلۆمەتر لە باكوری ئیسلام ئاباد-ی پایتەختی پاكساتنەوە دورە، ئوسامە بنلادن-ی سەرۆكی ئەوكاتەی رێكخراوی ئەلقاعیدەیان لە مالەكەی خۆیدا دۆزیەوە و دەستبەجی لەو پێگەیەدا كوشتیان.


نیشانەکردن :

#پاکستان #ئەمریکا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP