ترەمپ: بۆریس جۆنسن دەبێتە سەرۆک وەزیرانێکی گەورەی بریتانیا

- 7/23/2019 2:54:00 PM 2762 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی بۆریس جۆنسن کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی پارتی پارێزگارانی بریتانیا کە دواتر دەبێتە سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە.

ئەو دەبێتە سەرۆک وەزیرانێکی گەورەی بریتانیا

راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی پارتی پارێزگارانی بریتانیا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لەتویتێکدا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی بۆریس جۆنسنی وەزیری دەرەوەی پێوشوی بریتانیا کرد و رایگەیاند " ئەو دەبێتە سەرۆک وەزیرانێکی گەورەی بریتانیا ".


دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، پارتی پارێزگارانی بریتانیا بەدەنگی بەڵێی لەسەدا 66ی ئەندامانی بەشداربوی پارتەکەی کە رێژەی لەسەدا 87 یان بەشداری کردبو، بۆریس جۆنسنی وەزیری پێشوی دەرەوەی بریتانیای وەک سەرۆکی پارتەکە هەڵبژارد و دواتریش ناوبراو دەبێتە سەرۆک وەزیرانی بریتانیا.

بەپێی نەریتی کاری سیاسی و حزبایەتی لەبریتانیا، هەمو ئەندامێکی پەرلەمان دەبێت ئەندامی سەرکردایەتی حزبەکە بێت و لەناو خەڵکیشەوە هەڵبژێردریێت، سەرۆکی حزبیش ئەگەر زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت دەبێتە سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە.

راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی پارتەکەی، جۆنسن لەوتارێکدا بەستایشی پارتەکەی و رکابەرەکەی دەستی پێکرد و رایگەیاند " لەئایندەدا خەڵکی دەزانن کە پارتەکەی چ بڕیارێکی ژیرانەی داوە بۆ هەڵبژاردنی ئەو." 

لەبارەی رکابەرەکەشی ( جێرمی هەنتی وەزیری ئێستای دەرەوەی ئەو وڵاتە) جۆنسن رایگەیاند " هەنت رکابەرێکی بەهێز و بەتوانا بوە و دڵسۆزانە کارەکانی بەڕێدەکات." 

هاوکات لەبارەی پرۆژەی ئایندەی حزبەکەشییەوە رایگەیاند، پێویستە پارتی پارێزگاران دو کاری سەرەکی ئەنجامبدات، ئەوانیش ناساندنەوە و زیندوکردنەوەی کولتوری کارکردن لەگەڵ ئەوانی دیکە و کولتوری کارکردن لەپێناوی هەستانەوەی حکومەتی خەڵک.


نیشانەکردن :

#ئەمریکا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP