رۆژنامەنوسێكی تورك: با رەگەزپەرستان ناوی هاوسێكەمان فێربن، كور-دس-تان

- 7/23/2019 11:51:00 AM 45738 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەبارەت بە روداوەكەی هەفتەی رابردو، كە تێیدا ژمارەیەك هاوڵاتی هەرێمی كوردستان بەهۆی ئاڵای كوردستانەوە لە شاری ترابزۆن لە توركیا هێرشیان كرایەسەر، رۆژنامەنوسێكی تورك دژ بەوكارە بۆچونی خۆی خستەڕو.
هاوسێكەمان بە شێوەیەكی فەرمی ناوی هەرێمی كوردستانە

 

ناگێهان ئاڵچی، كە رۆژنامەنوسێكی دیاری توركیایە و لە رۆژنامەی Haberturkدا گۆشەیەكی تایبەت بە نوسینەكانی هەیە، لە پەیامێكیدا بۆ كەسانی رەگەز و نەتەوەپەرست رایگەیاند، "هاوسێكەمان بە شێوەیەكی فەرمی ناوی هەرێمی كوردستانە".

ئەو رۆژنامەنوسە توركە لە بەشێكی نوسینەكەیدا ئاماژەی بەوەكردوە، "پێویستە سەرجەم ئەو تێكدەرە نەژادپەرستانە راستی نەخشە سیاسیەكان لە هزری خۆیاندا بچەسپێنن، چونكە ئێمە وەكو توركیا، هاوسێیەكمان هەیە و ئەو هاوسێیەشمان بە شێوەیەكی فەرمی ناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانە".
بۆ ئەوەی فاشیستەكان بە تەواوی ناوی دراوسێكەمان فیربن، وەك توركێك بە حونجەوە دەڵێم كور-دس-تان

 

ئاڵچی بە توندی ئیدانەی هێرشكردنە سەر گەشتیارە كوردەكانی كردوە و و نوسیویشیەتی، "لێرە لە توركیا پەیوەندیەكانمان بە شێوەیەكی بێوێنە بەڕێوەدەچێت، بۆیە بۆ ئەوەی فاشیستەكان بە تەواوی ناوی دراوسێكەمان فیربن، وەك توركێك بە حونجەوە دەڵێم (كور-دس-تان)".

پێنجشەممەی رابردو، 18ی تەمموز لە ناوچەی چایكارا سەر بە شاری ترابزۆن لە توركیا، دوای ئەوەی گەشتیارێكی كورد ویستی بە ئاڵای كوردستانەوە وێنە بگرێت، ژمارەیەك خەڵكی ئەو ناوچەیە هێرشیانكردە سەر گەشتیارە كوردەكە و بەوهۆیەوە نۆ هاوڵاتی هەرێمی كوردستان دەستگیركران.

پاش تێپەڕینی 15 كاتژمێر ئەو هاوڵاتیانە لەلایەن دادگایەكی شاری ئاكسارایەوە ئازادكران و نێردرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP