ترەمپ: ئێران وڵاتێكی ئاینیە و بەرپرسەكانیشی كەسایەتی ئاینین، بەڵام درۆ دەكەن

- 7/23/2019 9:50:00 AM 4854 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سەبارەت بە لێدوانەكانی بەرپرسانی ئێران رایگەیاند، ئێران دەوڵەتێكی ئاینیە، "بەڵام سەركردەكانی زۆر درۆدەكەن".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەمیانی کۆبونەوەدا لەگەڵ عمران خان، سەرۆك وەزیرانی پاكستان لە كۆشكی سپی وڵاتەكەیەوە رایگەیاند، "ئێران دەوڵەتێكی ئاینیە و بەرپرسەكانیشی كەسانی ئاینین، بەڵام زۆر درۆ دەكەن".
یەكێك لە فڕۆكەكانی ئەو وڵاتەمان خستوەتەخوارەوە، بەڵام لەجیاتی ئەوەی بڵێن بەڵێ، ئەوە رویداوە، دەڵێن نەخێر روینەداوە

 

ترەمپ وتەكانی زیاتر رونكردەوە و رایگەیاند، "یەكێك لە فڕۆكەكانی ئەو وڵاتەمان خستوەتەخوارەوە، بەڵام لەجیاتی ئەوەی بڵێن بەڵێ، ئەوە رویداوە، دەڵێن نەخێر روینەداوە، بەڵگەی زۆریشمان هەیە".
هەواڵی دەستگیركردنی تۆڕێكی 17 كەسی لەلایەن ئێرانەوە بەتۆمەتی ئەنجامدانی سیخوڕی بۆ ئەمریكا درۆیە
سەبارەت بە هەواڵی دەستگیركردنی تۆڕێكی 17 كەسی لەلایەن ئێرانەوە بەتۆمەتی ئەنجامدانی سیخوڕی بۆ ئەمریكا ترەمپ وتی، "بە دڵنیاییەوە ئەو هەواڵانە درۆیە، درۆی زۆریش بونی هەیە، ئەوانیش درۆ و پاگەندەی زۆر بڵاودەكەنەوە". 

دوێنێ دوشەممە بەڕێوەبەری گشتی كاروباری بەرەنگاربونەوەی سیخوڕی لە وەزارەتی ئەمنی ئێران رایگەیاند، "لەمیانی چالاكیەكانیاندا توانیویانە تۆڕێكی سیخوڕی سەر بە ویلایەتە یەكگرتوەكان هەڵبوەشێننەوە و 17 كەس بە تۆمەتی ئەنجامدانی سیخوری دەستگیربكەن".

ئەو بەرپرسە ئەمنیەی ئێران راشیگەیاندوە، "سەرجەم ئەو كەسانەی بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیركراون لە لایەن ‌وئاژانسی ناوەندی زانیاری ئەمریكی (سی ئای ئەی)ەوە مەشقیان پێكراوە".

18ی ئەم مانگەش دۆناڵد ترەمپ، كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی ئێرانی راگەیاند و لە بەرامبەردا سوپای پاسدارانی ئێران ئاماژەیان بەوەكرد، ئەو فڕۆكەیە بە سەلامەتی گەیشتوەتەوە شوێنی خۆی.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP