بەپەلە

پارتی دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە كەركوك
پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەندكرد

- 7/22/2019 10:36:00 PM 4651 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەندكرد و بڕیاردرا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك ئەنجامبدرێت، پەرلەمانتارێكیش رایدەگەیەنێت پارتی ناڕازی بوەو دانیشتنەكەی جێهێشتوە.

ئەمڕۆ رۆژێكی زۆر قورس بو بۆ سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان، چونكە لەمساڵدا هیچ یاسایەك هێندەی ئەم یاسایە بەزەحمەت تێنەپەڕیوە

 

حەسەن ئاڵی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند،" ماوەیەكی زۆرە  لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان سەرقاڵی هەمواركردنەوەی سەرجەم ماددە و بڕگەكانی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانین، دواجار توانیمان لەگەڵ لیژنەی یاسایی، پرۆژە یاساكە ئامادەبكەین".

وتیشی،"ئەمڕۆ رۆژێكی زۆر قورس بو بۆ سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان، چونكە لەمساڵدا هیچ یاسایەك هێندەی ئەم یاسایە بەزەحمەت تێنەپەڕیوە، دوای مشتومڕێكی زۆر لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی پەرلەمان، توانرا دەنگ لەسەر یاساكە بدرێت".

بەداخەوە فراكسیۆنی پارتی تاكو كۆتاییەكانی دانیشتنەكە لەگەڵ یاساكەدا بون، بەڵام دواتر كشانەوەی كە زانیان دۆخەكە بەرەو پەسەندكردنی یاساكە دەڕوات

 

حەسەن ئالی وتیشی،"بەداخەوە فراكسیۆنی پارتی تاكو كۆتاییەكانی دانیشتنەكە لەگەڵ یاساكەدا بون، بەڵام دواتر كشانەوەی كە زانیان دۆخەكە بەرەو پەسەندكردنی یاساكە دەڕوات".

ئەم یاسایە پەیوەندی بە چارەنوسی كەركوك و  ناوچە دابڕێنراوەكانەوە هەبو

 

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق راشیگەیاند،"ئەم یاسایە پەیوەندی بە چارەنوسی كەركوك و  ناوچە دابڕێنراوەكانەوە هەبو، یاساكە لای ئێمە زۆر گرنگ بو، بەبڕوای ئێمە كشانەوەی پارتی پەیوەندی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەبو، بۆیە لە دانیشتنەكە كشانەوە و دەنگیان پێنەدا".

بەپێی هەمواری یاساکە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە رۆژی 1ی نیسانی 2020 لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق بە کەرکوكەوە ئەنجامدەدرێت. بەڵام یاساکە  پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.

پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەبێت بارودۆخی ئیداری و ئەمنی کەرکوک ئاسایی بکرێتەوە

 

لەبارەی بەجێهێشتنی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق و دەنگنەدان بە یاساكە، پەرلەمانتارانی پارتی رایانگەیاند"ئێمە دەنگمان بەو مادەیەی یاساکە نەداوە کە باس لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکات لە کەرکوک"

راشیانگەیاندوە،"پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەبێت بارودۆخی ئیداری و ئەمنی کەرکوک ئاسایی بکرێتەوە".



هەر بەپێی یاساكە، پەرلەمانی عێراق ژمارەی کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکانی بەمشێوەیە دیاریکرد:

بەغدا 50 كورسی، 3 كۆتا
نەینەوا 27 كورسی، 3 كۆتا 
بەسرە 21 كورسی، 1 كۆتا
زیقار 16 كورسی 
بابل 16 كورسی 
كەركوك 14 كورسی
ئەنبار 14 كورسی 
دیالە 13 كورسی
سەلاحەدین 13 كورسی 
نەجەف 13 كورسی
واست 13 كورسی، 1 كۆتا
قادسیە 12 كورسی 
میسان 12 كورسی، 1 كۆتا
كەربەلا 11 كورسی 
موسەننا 10 كورسی
 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP