بەپەلە

75 ساڵ بەسەر دانانی سیستمی ئابوری جیهانیدا تێدەپەڕێت

- 7/22/2019 9:30:00 PM 939 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
75 ساڵ بەرلەئێستا و لەکۆنفرانسی (برێتن ودس)دا بناغەی سیستمێکی ئابوری گشتگیر دانرا، ئەو سیستمە لەئێستادا روبەروی شەپۆلێکی زۆر لە هەستی نەتەوەپەرستی و پارێزگاریکردنی بوەتەوە.

لەمانگی تەموزی ساڵی 1944 و لەسەروبەندی کۆتایهاتنی جەنگی جیهانی دوەمدا نوێنەرانی باڵای ئابوری لە 44 وڵاتی جیاوازەوە لەهۆتێلێکی پێشکەوتوی ویلایەتی نیو هامشێری ئەمریکا کۆبونەوە بەمەبەستی جێگیرکردنی سیستمێکی ئابوری گشتگیر بۆ جیهانی دوای جەنگی کاولکاری کۆنفرانسی (برێتن ودس)یان گرێدا.
جیهان بەدەست ململانێ و جەنگی بازرگانی و سەربازی و سیاسییەوە دەیناڵاند

 پێش کۆنفرانسی (برێتن ودس) جیهان بەدەست ململانێ و جەنگی بازرگانی و سەربازی و سیاسییەوە دەیناڵاند.

هاوکات، پێش ئەنجامدانی ئەو کۆنگرەیە بازرگانی جیهانی لەژێر سانسۆرێکی زۆردابو، ساسەتی ئابوری وڵاتان بەجۆرێک بو مامەڵە بازرگانییەکان لەبەرژەوەندی لایەک بو دژی لایەنەکانی دیکە.
جیهانیان گەیاندبو بە روداوی"  گرانییە گەورەکە"ی سییەکانی سەدەی رابردو

کێشە بازرگانییەکان بەجۆرێک قوڵبوبونەوە کە جیهانیان گەیاندبو بە روداوی"  گرانییە گەورەکە"ی سییەکانی سەدەی رابردو.

نوێنەرانی بەشداربوی کۆنفرانسەکە پێکهاتبون لەئەندازیارانی (برێتن ودس) و هەردو وەزیری گەنجینەی بریتانیا و ئەمریکا و نوێنەری ئابوری 42 وڵاتی دیکە کە بەتەواوەتی ئاگاداری کاریگەرییە خراپەکانی هەردو جەنگی جیهانی و هەژاری جیهانی و تەنگەژە ئابورییەکان بون.

لەو کۆنفرانسەدا بڕیاردرا گۆڕانکاری گەورە لەسیاسەتی پەرەپێدانی سیاسەتی دراوی نێودەوڵەتیدا بکرێت، پشتگیری فراوانکردنی گەشەی ئابوری و بازرگانی بکرێت و دژایەتی ئەو سیاسەتانە بکەن کە هانی عەقڵیەتی بێ بایەخکردنی دراو سەرچاوەی ئابوری وڵاتانی دیکە دەدات.
بریاردرا سیاسەتی شکاندنی ئابوری یەکتری و ململانێی دوژمنکارانە بگۆڕێت بۆ سیاسەتی هاوکاری و پێکەوە کارکردن

بەشێوەیەکی گشتی لەو کۆنفرانسەدا بریاردرا سیاسەتی شکاندنی ئابوری یەکتری و ململانێی دوژمنکارانە بگۆڕێت بۆ سیاسەتی هاوکاری و پێکەوە کارکردن لەپێناوی برەودان بەگەشەی ئابوری جیهانی.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP