بەپەلە

رێبوار كەریم هۆشداریی دەدات لە دواكەوتنی رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە

- 7/22/2019 7:45:00 PM 2949 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رێبوار کریم مەحمود، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند،هەر دواکەوتنێک لەرێکخستنەوەی پێشمەرگە کاریگەری خراپی دەبێ لەبەدەستهێنانی مافە دەستورییەکانی پێشمەرگە، بەگرنگیشی دەزانێت كابینەی نوێی حكومەت بە زویی ئەو ئەركە ئەنجامبدات.

رێبوار کریم مەحمود، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند،" ساڵانی رابردودا حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان لەپرسی پێشمەرگەدا نەیانتوانیوە رێک بکەون. گرنگترین بابەتی سەرەکی رێکنەکەوتنیش پەیوەندی بە سێ خاڵەوە هەبوە"
بەپێی دەستور، پێشمەرگە بەشێکە لەسیستەمی بەرگری عیراق، کەواتە پڕچەککردن و راهێنانیشی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو سیستەمە. بەڵام حکومەتی عیراق تا ئێستا لەنزمترین ئاستدا ئەو کارەی ئەنجامداوە

لەبارەی خاڵەكانی رێبوار كەریم دەڵێت،" خاڵی یەکەم: گرفت لەو ژمارە پێشمەرگەیەی کە لە چوارچێوەی سیستەمی بەرگری عیراقدا جێدەکرێتەوە هەیە، بەردەوام بەغداد ژمارەی کەمی قبوڵ بوە. هەرێمیش ژمارەی زۆری داواکردوە. خاڵی دوەم: گرفت لەپڕچەککردنی پێشمەرگە. بەوپێیەی بەپێی دەستور، پێشمەرگە بەشێکە لەسیستەمی بەرگری عیراق، کەواتە پڕچەککردن و راهێنانیشی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو سیستەمە. بەڵام حکومەتی عیراق تا ئێستا لەنزمترین ئاستدا ئەو کارەی ئەنجامداوە. خاڵی سێیەم: موچەی پێشمەرگە کێشەیەکی سەرەکی بوە. تا ئەم ساتەش بەغدا ئامادەنیە موچەی تەواوی پێشمەرگە بدات. ئەمەش راستەوخۆ پەیوەندی بە دیاریکردنی ژمارەی پێشمەرگەوە هەیە".
ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە بەیەکجاری مەلەفی ماف و ئەرکی پێشمەرگە لەعێراقدا چارەسەربکرێت

 

سەبارەت بەوەی ئێستا چی بکرێت، ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت،" ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە بەیەکجاری مەلەفی ماف و ئەرکی پێشمەرگە لەعێراقدا چارەسەربکرێت. لەمەشدا گرنگە هەرێم بەخێرایی هێزی پێشمەرگە رێکبخاتەوەو لەسەر تەواوی مافەکانی پێشمەرگە رێکبکەوێت. بەدڵنیاییەوە لەبەرامبەر پێدانی مافدا، بەغدا داوای ئەرک لە پێشمەرگە دەکات. دەبێ هەرێم لەسەر ئەرکی پێشمەرگەش رێکبکەوێت لەچوارچێوەی سیستەمی بەرگری عیراقدا".

گرنگی رێکخستنەوەی پێشمەرگە لەوەدایە کە لەعیراق فشارەکان بۆ رێکخستنی سوپاو هێزە ئەمنییەکان رۆژبەرۆژ لەزیادبوندان

 

بەبڕوای رێبوار كەریم،"گرنگی رێکخستنەوەی پێشمەرگە لەوەدایە کە لەعیراق فشارەکان بۆ رێکخستنی سوپاو هێزە ئەمنییەکان رۆژبەرۆژ لەزیادبوندان. وەک بینرا سەرۆکوەزیرانی عێراق (عادل عبدالمهدي) رۆژی (۱_ ۷_ ۲٠۱۹) و بەبڕیاری ژمارە (م.ر.و / د٦ / ٥۹ / ۱٠٠٤٠) تەشکیلاتە جیاوازەکانی حەشدی شەعبی رێکخست. ئەگەرچی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی سەرۆکوەزیران کات و زەمینەیەکی باشی دەوێ. بەڵام وردە وردە ئەم بابەتە بوەتە قەناعەتێکی سەرەکی و کاریگەری لەسەر رێکخستنەوەی کۆی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراق دەبێت". 

هەر دواکەوتنێک لەرێکخستنەوەی پێشمەرگە کاریگەری خراپی دەبێ لەبەدەستهێنانی مافە دەستورییەکانی پێشمەرگە. گرنگە ئەم کابینەیەی ئێستای حکومەتی هەرێم ئەم ئەرکی رێکخستنەوەیە بەزویی ئەنجام بدات

 

لە كۆتاییدا رێبوار كەریم رایگەیاند،"هەر دواکەوتنێک لەرێکخستنەوەی پێشمەرگە کاریگەری خراپی دەبێ لەبەدەستهێنانی مافە دەستورییەکانی پێشمەرگە. گرنگە ئەم کابینەیەی ئێستای حکومەتی هەرێم ئەم ئەرکی رێکخستنەوەیە بەزویی ئەنجام بدات.

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP