جۆنسن: قەیرانی برێكزیت بە ئەنجامدانی رێككەوتنی بازرگانی ئازاد چارەسەردەكەین

- 7/22/2019 5:03:00 PM 733 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەهێزترین كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی بریتانیا رایگەیاند، پێشنیاردەكرێت وڵاتەكەی لە رێگەی ئەنجامدانی رێككەوتنی بازرگانی ئازادەوە لە یەكێتی ئەوروپا بچێتەدەرەوە.

بۆریس جۆنسن، یەكێك لە بەهێزترین كاندیدەكان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی بریتانیا لەمیانی وتارێكیدا بۆ رۆژنامەی تێلێگراف رایگەیاند "مەودایەكی بەرفراوان هەیە بۆ چارەسەركردنی پرسی چونەدەرەوی بریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا، دەشكرێت لە چوارچێوەی ئەنجامدانی رێككەوتنی بازرگانی ئازاددا ئەو كارە بكرێت".

ئاماژەی بەوەشكردوە " پاش ئەوەی لە رێكەوتی 31 تشرینی یەكەمدا لەو یەكێتیە كشاینەوە، لەبارەی ئەو بابەتەوە لەگەڵ یەكێتی ئەوروپادا دانوستان ئەنجامدەدەین".

لە كۆتایی وتارەكەیدا جۆنسن رایگەیاندوە "بریتانیا دەتوانێت لە رێكەوتی 31 ی تشرینی دوەمدا لە یەكێتی ئەوروپا بچێتەدەرەوە و تەكنەلۆجیا دەتوانێت ئەو بابەتە چارەسەر بكات،ئەوەی كە دەمانەوێت تەنها خواست و پێشڕەویە".

بۆریس جۆنسن، پاڵێوراو بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی بریتانیا لە یەكەمین و دوەمین خولی دەنگدان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ بۆ ئەو وڵاتە بە زۆرینەی دەنگ براوەبو، هەر لە سەرەتای دەستپێكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی بریتانیا، شارەزایان رایانگەیاند جۆنسن بەهێزترین پاڵێوراوە بۆ ئەو پۆستە و سەرجەم پێشبینیەكان ئاماژە بە سەركەوتنی ئەو دەكەن".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP