لیژنەی هاوبەشی هەرێم و بەغدا دەست بە گفتوگۆ دەکەن
دوەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچو

- 7/22/2019 2:53:00 PM 5417 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، دوەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و گفتوگۆ لە بارەی رێوشوێنی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی یەکەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کرا.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوە، لە کۆبونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران بە توندی روداوە تیرۆریستییەکەی تەقەکردن لە رێستورانتێکی هەولێر سەرکۆنە کرد و دەستخۆشی لە دەزگاکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کرد، کە لە ماوەیەکی کورتدا توانیان ئەنجامدەرانی کردەوەکە دەستگیربکەن، ئەنجومەنی وەزیران هاوخەمیشی لەگەڵ کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکە دەربڕی.
لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لە بارەی رێوشوێنی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی یەکەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لە بارەی رێوشوێنی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی یەکەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە و وەزیرەکان سەرنج وتێبینی خۆیان خستەڕو، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وەزیرەکانی راسپارد لە دامودەزگاکانی حکومەتدا بە باشترین شێوە رێز لە هاوڵاتیان بگێری و جیاوازی لە مامەڵەکردندا نەکرێت. 
بڕیارە شاندی هاوبەشی هەولێر و بەغدا لە نزیکترین کاتدا دەست بە گفتوگۆی چڕ بکەن بۆ دانانی میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەرسێردراوەکان

 

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا کە بە شێوەیەکی زۆر ورد داتا و زانیاریی پێویستی لەبارەی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان بۆ بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی عێراق روونکردبوەوه، کە بڕیارە شاندی هاوبەشی هەردولا لە نزیکترین کاتدا دەست بە گفتوگۆی چڕ بکەن بۆ دانانی میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەرسێردراوەکان لەگەڵ بەغدا.

ئەوەش خراوەتەڕو، لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی گرنگی و بایەخیی بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروبارەکانی حکومەت کرا، وەک لە کارنامەی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدا هاتوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP