پۆلیسی سلێمانی: تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە چەندین تاوانی دزیكردنی ئەنجامداوە

- 7/22/2019 2:47:00 PM 1114 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە چەندین تاوانی دزیكردنی ئەنجامداوە و پێشتریش لەسەر تاوانی دزیكردن بەندبوە و بەسپاردە ئازادكراوە.

پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندوە، لەسەرەتای مانگی 7ی ئەمساڵ چەند فرۆشگایەك لەگەڕەكەكانی ڕزگاری‌و بەختیاری‌و ئاشتی لەشەواندا دزییان لێكراو لەكاتی لێكۆڵینەوەكانیشدا دەركەوت شێوەی دزییەكە لەسەرجەم فرۆشگاكان هەمانشێوەیە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بەدواداچونی پێویستیان ئەنجامداو پاش دەستكەوتنی زانیاری توانرا تۆمەتبارەكە لەكاتی دزیكردندا لەدوكانێك دەستگیربكرێت.

پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت، لە ئێستادا تۆمەتبار (ز، ح، ح) لە دایكبوی ساڵی‌ 1976 بەفەرمانی دادوەرو بەپێی ماددەی 443 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و دانی بەوەدا ناوە كە لەسێ‌ فرۆشگای تر دزیكردوە.

رونیشیکردوەتەوە، پێشتر تۆمەتبار لەسەر تاوانی دزیكردن بەند بوەو بەسپاردە ئازاد كراوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP