پشکی هەرێمی کوردستان رەوانەی هەولێر دەکرێت

- 7/22/2019 2:07:00 PM 24036 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سبەی سێشەممە پشکی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە رەوانەی هەولێر دەکرێت.

هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندوە،  "سەبارەت بە دواکەوتنی ناردنی پشکی هەرێم بۆ ئەو مانگە قسەم لەگەڵ دکتۆر فوئاد حوسێن وەزیری دارایی عێراق  کرد، پێی راگەیاندم کە سبەی سێشەممە پشکی هەرێم دەنێردێت".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "هیچ خەلەلێک نییە، بەڵکو مانگانە کە وەزارەتی دارایی کاتێک دەست دەکات بە دابەشکردنی مووچە چەند رۆژێکی پێدەچیت دواکەوتنی چەند رۆژێک مانای بوونی گرفت یا کێشە نییە".

وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەریمی کوردستان لە پێنج بۆ حەوتی هەمو مانگێک دەست بەدابەشکردنی موچە دەکات و بەپشتبەستن بە داهاتی فرۆشراوی نەوت موچەی بەشێک لە وەزارەتەکان دابەش دەکات.
 
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچە پشتبە دو سەرچاوەی دارایی دەبەستێت، یەکەمیان، فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بەشێوەی سەربەخۆ، دوەمیان ناردنی پشکی هەرێمی کوردستانە لە بەغداوە کە مانگانە 522 ملیار دینارە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر لە 420 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، کۆی ئەو داهاتەش حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە لە نەوتی فرۆشراو دەستی دەکەوێت لە نێوان 350 بۆ 400 ملیۆن دۆلاردایە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP