بەپەلە

توركیا: سنورەكانمان بەڕوی كۆچبەراندا بكەینەوە، ئەوروپا شەش مانگ بەرگە ناگرێت

- 7/22/2019 12:21:00 PM 3971 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری ناوخۆی توركیا رایگەیاند، ئەگەر وڵاتەكەی سنورەكان بەڕوی كۆچبەراندا بكاتەوە، حكومەتەكانی وڵاتانی ئەوروپا لە ماوەی شەش مانگدا ناتوانن خۆیان لەبەردەم لێشاوی كۆچبەراندا بگرن.

سولەیمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی توركیا لەمیانی لێدوانێكیدا رایگەیاند، "گورزێكی بەئازار دەدەن لەو لایەنانەی كە دەیانەوت توركیا بكەنە ناوەندێك بۆ كۆچبەرانی نایاسایی".
ئاو و كارەبا لەو ناوچانە دەبڕین كە بونەتە دەروازەی دەربازبونی كۆچبەران

 

وەزیری ناوخۆی توركیا وتیشی "ئاو و كارەبا لەو ناوچانە دەبڕین كە بونەتە دەروازەی دەربازبونی كۆچبەران".
یەكێتی ئەوروپا لە روبەڕوبونەوەی لێشاوی پەنابەر و كۆچبەرانی نایاساییدا توركیای بەتەنها جێهێشتوە

 

سۆیڵو ئاماژەی بەوەكرد، "یەكێتی ئەوروپا لە روبەڕوبونەوەی لێشاوی پەنابەر و كۆچبەرانی نایاساییدا توركیای بەتەنها جێهێشتوە، لەكاتێكدا حكومەتەكانی وڵاتانی ئەوروپا ناتوانن بۆ ماوەی شەش مانگ خۆیان لەبەردەم لێشاوەكانی پەنابەراندا بگرن ئەگەر توركیا سنورەكانیان بۆ بكاتەوە".

سەبارەت بەو كۆچبەر و پەنابەرانەی بە رێگەی نایاسایی لە سنورەكان دەپەڕنەوە تا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بگەنە ئەوروپا سۆیڵو وتی، "ئەوان بەمەبەستی پەڕینەوە لە سنورەكان پارە دەدەنە داعش و قاچاخچیەكان، بەڵام دواتر خۆیان لە ناوەڕاستی دەریادا دەبیننەوە و روبەروی مەرگ دەبنەوە".
لە نێوان كۆچبەرە نایاساییەكاندا رێژەیەكی بەرچاو لە بەرەگەز ئەفریقیەكان هەیە، كە لەلایەن هێزە دەریاییەكانی توركیاوە دەستبەسەردەكرێن

 

ئەو وەزیرەی توركیا ئاشكرایكرد، "لە نێوان كۆچبەرە نایاساییەكاندا رێژەیەكی بەرچاو لە بەرەگەز ئەفریقیەكان هەیە، كە لەلایەن هێزە دەریاییەكانی توركیاوە دەستبەسەردەكرێن".

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا سۆیڵو رونیكردەوە، "وڵاتەكەی هاوشێوەی تێرۆریست و تاوانبار مامەلە لەگەڵ ئەو كۆچبەرانەدا ناكات كە لەكاتی تێپەراندنی سنورەكان بە شێوەیەكی نایاسایی دەستبەسەردەكرێن".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP