لەبارەی کێشەکانی پێوەری ئاو گفتوگۆ دەکەن
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بانگهێشتی شەش بەڕێوەبەری گشتی دەکات

- 7/22/2019 9:05:00 AM 2083 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە و شەش بەڕێوەبەری گشتی ئاوی سنوری پارێزگای سلێمانی بانگهێشتکردوە بۆ ئەوەی لەبارەی کێشەکانی پێوەری ئاو گفتوگۆ بکەن.
کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگا تایبەتە بە دانانی پێوەری ئاو لە سنوری سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و پارێزگای هەڵەبجە

 

ئازاد محەمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە خەندان-ی راگەیاند، کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگا تایبەتە بە دانانی پێوەری ئاو لە سنوری سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەبەری گشتی ئاوی سلێمانی، هەڵەبجە، دەوروبەری سلێمانی، قەڵادزێ، چەمچەماڵ، سیدسادق بانگهێشتکراون و گفتوگۆیەکی چڕ دەکەن لەسەر دانانی پێوەری ئاو.

ئاماژەی بەوەشکرد، "راوسەرنجی بەڕێوەبەرەکانی ئاو و قایمقامەکان و لیژنەی شارەوانی و ئاوی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وەردەگیرێت، دەمانەوێت بگەینە بڕیارێک لەوبارەیەوە".
ئەو پێوەری بۆ هاوڵاتیان بەستراوە هەندێک گرفتی تێدایە و گلەیی و گازندەی هاوڵاتیانی لەسەرە

 

ئازاد محەمەد وتیشی، "ئەو پێوەری بۆ هاوڵاتیان بەستراوە هەندێک گرفتی تێدایە و گلەیی و گازندەی هاوڵاتیانی لەسەرە بەهۆی ئەوەی پارەیەکی زۆریان بۆ هەژمار دەکات، دەشڵێن دەبو ئەو پێوەرە بدرێت بە کۆمپانیاکان بە موزایە چونکە ئەو نرخەی کە هەیە زۆرە بە نیسبەت هاوڵاتیانەوە".

بەپێی وتەی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی گرفتێکی دیکەی پێوەری ئاوەکە ئەوەیە، "تا ئێستا وەکو پێویست هەندێک ناوچەی وەک ناحیەکانی شۆڕش و تەکیە زۆربەی شوێنەکانی دیکە ناوچەکانی گەرمیان و راپەڕین وەکو پێویست ئاویان نەدراوەتێ بۆیە پێوەرەکە بەناحەق دەزانن".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP