بەپەلە

گرژیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوتیان بەرزکردەوە

- 7/22/2019 8:39:00 AM 1774 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دەستبەسەرداگرتنی كەشتیەكی نەوتهەڵگری بریتانی لەلایەن ئێران و زیاتربونی ئاڵۆزیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، بوە هۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا.

دوای ئەوەی هەینی رابردو، 19ی تەمموز كەشتیەكی نەوتهەڵگری بریتانی لە لایەن ئێرانەوە دەستیبەسەردا گیرا، نیگەرانیەكان سەبارەت بە مامەڵە ئابوری و بازرگانیەكانی جیهان دروستبو، ئەوەش كاریگەریەكی بەرچاوی كردە سەر نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ دوشەممە، نرخی نەوتی خاوی برێنت 85 سەنت و بەڕێژەی لەسەدا 1.4 بەرزبوەتەوە و نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاو لەو بەرهەمە گەیشتوەتە 63.32 دۆلار لە كۆتا مامەڵەیدا.

هاوكات، نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی تەكساسی رۆژئاوای ئەمریكا 47 سەنت و بە رێژەی لەسەدا 0.8 بەرزبوەتەوە و نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاو لەو بەرهەمە گەیشتوەتە 56.10 دۆلار لە كۆتا مامەڵەیدا.

هەفتەی رابردو، بە شێوەیەكی گشتی نرخی نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی لەسەدا شەش و نرخی نەوتی خاوی تەكساسی رۆژئاوای ئەمریكا بە رێژەی لەسەدا حەوت دابەزینیان بەخۆوە بینی.
 
ئەو روداوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوكاتن لەگەڵ راگەیەندراوێكی ناوەندی نیشتیمانی نەوتی لیبیا، سەبارەت بە داخستنی كێڵگەی نەوتی (ئەلشەرارە) كە گەورەترین كێڵگەی نەوتیە لەو وڵاتەدا، داخستنی ئەو كێڵگە نەوتیە لە یەكەم رۆژدا بوە هۆی لەدەستدانی 290 هەزار بەرمیل نەوت بۆ یەك رۆژ.

نیشانەکردن :

# عەدنان موفتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP