ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆ لەبارەی کارنامەکەی دەکات

- 7/22/2019 8:14:00 AM 1811 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی کارنامەی کابینەکەوە دەکات.
 
بەپێی زانیاریەکانی خەندان، کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە دوەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لە بارەی رێوشوین و میکانیزمی جێبەکردنی هێڵە گشتیەکان و کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
 
15ی ئەم مانگە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یەکەمین کۆبونەوەیدا چەند بڕیارێکی لەبارەی دەوامی فەرمانبەران و وەزیرەکانی کابینەکەی دەرکرد.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە، دوای روونکردنەوەی كارەكانى دەستبەکاربونی وەزیرەکانی کابینەی نوێ، ئەنجومەنی وەزیران وەزیرەکانی راسپارد لەژێر رۆشنایی هێڵە گشتیەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم، بەرنامەی کارەکانی وەزارەت لەماوەی 30 رۆژدا دابرێژن و پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانی بکەن بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت وبخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

لە کۆبونەوەکەدا چەند بڕیارێکی گرنگى لەبارەی دەوامی وەزیرەکان و خاوەن وەزیفه باڵاكان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و نەهێشتنی رۆتین و دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن لەناو دامودەزگاکانی حکومەت خستەڕو، دواتر بە کۆی پەسەندکرا.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP