بەپەلە

جیراڵد نادڵەر: راپۆرتەكەی موڵەر بەڵگەی تێدایە كە ترەمپ تاوانی ئەنجامداوە

- 7/21/2019 10:36:00 PM 4223 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆكی لیژنەی داد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، لە راپۆرتەكەی رۆبێرت موڵەردا بەڵگە هەیە كە دەیسەلمێنێت سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكان تاوانی ئەنجامداوە.

راپۆرتەكەی رۆبێرت موڵەر بەڵگەی بەهێزی تێدایە


جیراڵد نادڵەر، سەرۆكی لیژنەی داد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند "راپۆرتەكەی رۆبێرت موڵەر، لێكۆڵەری تایبەت بە دۆسیەی ساختەكاری و تێوەگلانی روسیا لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا بۆ ساڵی 2016، بەڵگەی بەهێزی تێدایە كە دەیسەلمێنێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەت یەكگرتوەكانی ئەمریكا تاوانی ئەنجامداوە".

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكان تاوان و پێشێلكاری گەورەی ئەنجامداوە


سەبارەت بەو تاوانانە نادڵەر لە بەرنامەی فۆكس نیوز سەندەی ئاماژەی بەوەكرد "بەڵگەكانی ناو راپۆرتەكەی موڵەر دەتوانێت بیسەلمێنێت كە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكان تاوان و پێشێلكاری گەورەی ئەنجامداوە، پێویستدەكات رێگەبدەین بە رۆبێرت موڵەر كە ئەو راستیانە پێشكەش بە گەلی ئەمریكا بكات و دواتر دیاریبكەین كە لە كوێیوە دەستپێبكەینەوە".

پێویستە ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكرێت


نادڵەر رایگەیاند، نیازی هەیە چوارشەممەی داهاتو، 24ی تەمموز لەمیانی دانیشتنێكی كۆنگرێسی ئەمریكادا، داوا لە موڵەر بكات ئەو بەڵگانەی ناو راپۆرتەكەی بخاتەڕو، وتیشی "پێویستە ئیدارەی ئێستای ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكرێت، لێپێچینەوەش بەرپرسی نیە و لەسەرو هەموو بەرپرسەكانەوەیە".

ئەو وتانەی نادڵەر گرنگیان دەبێت ئەگەر دیموكراتیەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان بەردەوامبن لەسەر ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لە ترەمپ، كە ئەو هەنگاوانە لە چوارچێوەی هەوڵەكانیاندایە بۆ دورخستنەوەی ترەمپ لە دەسەڵات.

ئەوەش لەكاتێكدایە، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا پێش چەند رۆژێك بە 332 دەنگ بەرامبەر 95 دەنگ، بڕیاریدا بە دواخستنی بڕیارێك سەبارەت بە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لە ترەمپ.

لە ئایاری ساڵی رابردودا، رۆبێرت موڵەر، دەستیكرد بە لێكۆڵینەوە لە ئەنجامدانی ساختەكاریەكانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا بۆ ساڵی 2016، لەكاتێكدا دوای هەڵبژاردنی ترەمپ بە سەرۆكی ئەمریكا، دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەوە كە روسیا دەستیهەبوە لەو پرۆسەیەدا.

هەریەك لە دۆناڵد ترەمپ و وڵاتی روسیا ئەو بابەتەیان رەتكردەوە و سەرەنجامیش لە رێكەوتی 18ی نیسانی ئەمساڵدا، وەزیری دادی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەپێی راپۆرتە تایبەتەكەی موڵەر لەبارەی لێكۆڵینەوەكانی تایبەت بە دۆسیەی ساختەكاریەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی  ساڵی 2016، سەلماندویەتی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ روسیا ساختەكاریان ئەنجامنەداوە.


نیشانەکردن :

#ئه‌مریكا #ترەمپ

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP