یەكێتی كەوتوەتە سەر سكەی بڕیاردانی دیموكراسی
شاڵاو عەلی عەسكەری: كاك مەلا بەختیار خۆی بەشێكە لە كێشەكان

- 7/21/2019 10:30:00 PM 15977 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

شاڵاو عەلی عەسكەری، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایگەیاند،كاك بەختیار خۆی بەشێكە لە كێشەكانی ناو یەكێتی، دەشڵێت،"ئێستا یەكێتی كەوتوەتە سەر سكەی بڕیاردانی دیموكراسی.
كاك بەختیار خۆی بەشێكە لە كێشەكانی ناو یەكێتی، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی هەبوە لەناو یەكێتیدا، بەشی خۆی گوناحەی ئەم دۆخەی یەكێتی بەسەردا دەكەوێت

 

شاڵاو عەلی عەسكەری، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە بەرنامەی روداوی ئەمڕۆی كەناڵی روداو وتی،"كاك بەختیار خۆی بەشێكە لە كێشەكانی ناو یەكێتی، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی هەبوە لەناو یەكێتیدا، بەشی خۆی گوناحەی ئەم دۆخەی یەكێتی بەسەردا دەكەوێت".

قسەكانی كاك بەختیار هەمان قسەكانی ئێمەیە لە ناوەندی بڕیار، ئەو قسانەی ئێستا ئەو دەیانكات، جاران ئێمە دەمانكرد

 

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی دەشڵێت،"قسەكانی كاك بەختیار هەمان قسەكانی ئێمەیە لە ناوەندی بڕیار، ئەو قسانەی ئێستا ئەو دەیانكات، جاران ئێمە دەمانكرد، بەڵام ئەوكات پێگەكان جیاواز بون، ئێمە لە پێگەی بەرگریدا بوین و ئەوان لە پێگەی هێرشدابون، بەڵام ئێستا شتەكە پێچەوانە بوەتەوە".

حزبەكانی كوردستان لەروی ئایدۆلۆژییەوە هیچیان جیاوازییان نییە، ئێمە زیاتر حزبی نەتەوەیین، من جیاوازی فكری نێوان پارتی و گۆڕان یان یەكێتی و گۆڕان نابینم

 

سەبارەت بە حزبەكانی كوردستانیش، شاڵاو عەلی عەسكەری دەڵێت،"حزبەكانی كوردستان لەروی ئایدۆلۆژییەوە هیچیان جیاوازییان نییە، ئێمە زیاتر حزبی نەتەوەیین، من جیاوازی فكری نێوان پارتی و گۆڕان یان یەكێتی و گۆڕان نابینم، ئەوەی جیاوازە ئیدارەدانی حزبەكانە".

بەبڕوای من دۆخی ئێستای یەكێتی زۆر پۆزەتیڤە، چونكە ئێستا ئێمە كەوتوینەتە سەر سكەی بڕیاردانی دیموكراسی

 

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا، شاڵاو عەلی عەسكەری پێیوایە "دۆخی ئێستای یەكێتی لەدوای كۆچی دوایی مامجەلال بوەتە دۆخێكی ئینتیقالی، ئێستا كۆمەڵێك گروپ دروست بون، هەروەها بەشێك لەناو سەركردایەتی یەكێتیدا بۆچونەكانیان جیاوازە و سەر بەهیچ لەو گروپانە نین كە ئەمانە زۆرینەن، بەبڕوای من دۆخی ئێستای یەكێتی زۆر پۆزەتیڤە، چونكە ئێستا ئێمە كەوتوینەتە سەر سكەی بڕیاردانی دیموكراسی، ئێستا لایەك كە بڕیارێك دەدات، سێ چوار لای دیكە هەیە دەڵێن ئەو بڕیارە نابێت بەو شێوەیە بێت"



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP