وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بڕیاردەدات بە خەرجكردنەوەی موچەی بەشێك لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان

- 7/21/2019 9:45:00 PM 9697 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی لیستێك لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان ئامادە دەكات و دەینێرێت بۆ وەزارەتی دارایی بە مەبەستی سەرلەنوێ خەرجكردنەوەی موچەی ئەو كەمئەندامانەی كە موچەكانیان بڕدراوە.

كوێستان محەمەد، وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە خەندان-ی راگەیاند،" پێشتر وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، پشكنینی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان كردبوەوە، بەو هۆیەشەوە دەركەوت كە ژمارەیەك لەوانە خاوەن پێداویستی تایبەت نین كە نزیكەی 20 هەزار كەسێكە و موچەكانیان بڕابو، بەشێك لەو ژمارەیە تانەیان لە بڕیارەكە دا و چون پشكنینیان كردوەتەوە، دەركەوتوە كە تیایدایە لە 100٪ خاوەن پێداویستی تایبەتە، بۆیە ئەمانە پێویستیان بەوەیە جارێكی دیكە موچەكەیان بۆ ببەسترێتەوە".
دەیكەینە لیستێك و دەیدەینە وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی فەرمان دەربكرێت بۆ خەرجكردنەوەی موچەكانیان

 

وتیشی،"ئێمە بڕیارمانداوە كە ئەو لیستانەی لە چاودێری كۆمەڵایەتی پارێزگاكانە كە لە هەریەك لە (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، گەرمیان)ن لیستەكان وەربگرینەوە و بیدەینە وەزارەتی دارایی سەرلەنوێ موچەكانیان بۆ ببەستێتەوە، لەئێستادا لیستی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیانمان بۆ هاتوەتەوە و هەولێرو دهۆك بڕیارە سێ شەممە بگاتەوە وەزارەت، ئێمەش دەیكەینە لیستێك و دەیدەینە وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی فەرمان دەربكرێت بۆ خەرجكردنەوەی موچەكانیان"

كوێستان محەمەد وتیشی،"لەئێستادا سەرقاڵی كارنامەی چوارساڵی داهاتوین، هەمو ئەو بابەتە گرنگانە كە دەمانەوێت لەو چوارساڵەدا جێبەجێی بكەین، بەشێوەی پلەبەندی دەینوسین و دەیدەینە ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەكانمان راسپاردوە كە لەماوەی 10 رۆژدا پێشنیارو پرۆژەی خۆیان بنێرن و دواتر ئێمە لەگەڵ كەسانی شارەزا بڕیاریی لێدەدەین و دەیدەین بە ئەنجومەنی وەزیران".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP