بەپەلە

مشتومڕێكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا
نوسەرێكی دیاری توركیا بەرگری لە ئاڵای كوردستان دەكات

- 7/21/2019 7:41:00 PM 10232 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرەڕای دەنگی ناڕازی خەڵكی توركیا بەرامبەر كورد و وشەی كوردستان، نوسەرێكی دیاری شاری ترابزۆن، لەسەر روداوەكەی هەفتەی رابردو هاتەدەنگ، كە تێیدا ژمارەیەك هاوڵاتی هەرێمی كوردستان بەهۆی ئاڵای كوردستانەوە هێرشیان كرایەسەر.

داوادەكات رێز لە ئاڵای كوردستان بگیرێت


موستەفا ئاكیۆڵ، كە یەكێكە لە نوسەرە دیارەكانی شاری ترابزۆن، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، هاوپێچ لەگەڵ وێنەیەكی ئاڵای كوردستاندا، باسی لە مێژوی دێرینی كوردەكان كردوە و داواشدەكات رێز لەو ئاڵایە بگیرێت.

كوردەكان بەشێكی دێرینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن


ئاكیۆڵ لە تویتەر نوسیویەتی " كوردەكان بەشێكن لە خەڵكی دێرینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەزار ساڵە برای گەلی توركن، تكایە با رێزگرتنمان لەدەستنەدەین و دۆستایەتی نێوانمان تێكنەدەین".

هەرێمی كوردستان بە فەرمی بونی هەیە


لە بەشێكی دیكەی بڵاوكراوەكەیدا ئاكیۆڵ ئاماژەی بەوەكردوە "هەرێمی كوردستانی عێراق بە فەرمی بونی هەیە و دۆستی توركیایە، ئاڵاكەشیان هاوشێوەی هەر ئاڵایەكی دیكەی گەلانی دی شایەنی رێزلێنانە".

ئەو نوسەرە داوای لە هاوڵاتیانی توركیاش كردوە، رێگەنەدەن بە هەنگاوی توندئاژۆ دابەشبون  لەنێوان گەل و وڵاتەكە دروستببێت.

هەرێمی كوردستان بە زەبر و زۆر لە عێراق جیاكراوەتەوە

 

رێژەیەكی زۆری هاوڵاتیانی توركیا بە توندی وەڵامی ئەو وتانەی ئاكیۆڵیان داوەتەوە و زۆرینەشیان ئاماژە بەوەدەكەن "هەرێمی كوردستان بە هاریكاری و چەكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و لەرێگەی بەكارهێنانی زەبر و زۆرەوە ئەو هەرێمەیان جیاكردوەتەوە".


هاوكات كوردەكانیش بەشێكن لە وەڵامەكان و باسیان لەو توندوتیژیانە كردوە كە بە بەردەوامی بەرامبەریان دەكرێت و سەرەنجامیش مشتومڕێكی زۆری بەداوی خۆیدا هێناوە.

پێنجشەممەی رابردو،18ی تەمموز لە ناوچەی چایكارا سەر بە شاری ترابزۆن لە توركیا، دوای ئەوەی گەشتیارێكی كورد ویستی بە ئاڵای كوردستانەوە وێنە بگرێت، ژمارەیەك خەڵكی ئەو ناوچەیە هێرشیانكردە سەر گەشتیارە كوردەكە و بەوهۆیەوە نۆ هاوڵاتی هەرێمی كوردستان دەستگیركران، پاش تێپەڕینی 15 كاتژمێر ئەو هاوڵاتیانە لەلایەن دادگایەكی شاری ئاكسارایەوە ئازادكران و نێردرانەوە بۆ هەرێم.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP